دیجیتاڵ میدیای سپێدە
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاند، 286 ئاوارەی دیکە کە لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر نیشتەجێ کرابوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەچوارچێوەی بەرنامەی حکوومەت بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایەق رایگەیاندووە کە 286 ئاوارەی دیکە لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ئیڤان فایەق ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە "ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی خازر و حەسەن شام لە پارێزگای ھەولێر، گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە سەنتەری مووسڵ، گەیارە، تەلەعفەر، بێجی و سەڵاحەددین".
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی 2014دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و بەشێکی دیکەشیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا کرد.