چین لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ غازی رووسیا

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئامادەکارییەکان دەستیان پێ کردووە بۆ دروستکردنی هێڵی بۆڕی "هێزی دووەمی سبیریا" کە لە ٢٠٢٤ دەست بە دروستکردنی دەکرێت و توانای گواستنەوەی ٥٠ ملیار مەتر سێ جا غازی هەیە لە رووسیاوە بۆ چین، بەم جۆرەیش هەوڵ دەدرێت ئەو کەلێنەی لە هەناردەکردنی غازی رووسیا بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دروست دەبێت، پڕ بکرێتەوە.

یەکێتیی ئەورووپا کە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە رێگای سەپاندنی سزاکانەوە رووسیا بە ئامانج دەکرێت، ماوەیەکە مشتومڕ لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە دروست بووە لەبارەی دانانی بەرزترین نرخ لەسەر غازی رووسیا و بەهۆی جیاوازییەکانی نێوانیان هێشتا نەگەیشتوونەتە بڕیارێکی هاوبەش.

لە کاتێکدا بەرلە جەنگ یەکێتیی ئەورووپا ساڵانە نزیکەی لەسەدا ٤٥ی غازی هاوردەکراوی بە گازی رووسیا پڕ دەکردەوە لە ٢٠٢١دا، نزیکەی ١٥٥ ملیار مەتر سێجار غازی لە رووسیا هاوردە کردووە.

یەکێتیی ئەورووپا لە پێنجی کانوونی یەکەمەوە، دەستی کردووە بە دیاریکردنی بەرزترین نرخ بۆ نەوتی رووسیا کە ٦٠ دۆلارە، بەڵام مشتومڕەکان بەردەوامن لەبارەی دیاریکردنی بەرزترن نرخ بۆ غازی رووسیا کە ٢٢٠ یورۆیە بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک.

ئەڵمانیا بە پاساوی ئەوەی کە دیاریکردنی بەرزترن نرخ بۆ غازی رووسیا ئاسایشی دابینکردنی غازی ئەو وڵاتە تووشی کێشە دەکات، دژی دەوەستێتەوە. بەلجیکا، پۆڵەندا و ئیتاڵیایش دیاریکردنی بەرزترن نرخ وەک رێگایەک لێک دەدەنەوە بۆ پاراستن لە شۆکەکانی نرخی وزەی بەرز.

نرخی یەک مێگاوات کاتژمێر غازی "TTF" لە ئابدا، گەیشتە ٣٤٠ یورۆ و لەم ماوەیەی دواییشدا لە دەوروبەری ١٣٠ یورۆدایە.

ئەمڕۆ، وەزیرانی وزەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ جارێکی دیکە لە بارەی دیاریکردنی بەرزترن نرخ بۆ غازی رووسیا کۆدەبنەوە.

رووسیا، ئەورووپا وەک بازاڕێکی گرنگ دەبینێت بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتیدا و لەئێستادا بەمەبەستی زیادکردنی هەناردەکردنی غازی رووسیا بۆ چین، ئامادەکارییەکان دەستیان پێ کردووە بۆ بۆ دروستکردنی هێڵی بۆڕی "هێزی دووەمی سبیریا" کە لە ٢٠٢٤ دەست بە دروستکردنی دەکرێت و توانای گواستنەوەی ٥٠ ملیار مەتر سێ جا غازی هەیە لە رووسیاوە بۆ چین، بەم جۆرەیش هەوڵ دەدرێت ئەو کەلێنەی لە هەناردەکردنی غازی رووسیا بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دروست دەبێت، پڕ بکرێتەوە.

ئەم هێڵەیش بە دوای هێڵی بۆڕی "هێزی یەکەمی سبیریا" کە توانای گواستنەوەی ٣٨ ملیار مەتر سێجا غازی هەیە لە رووسیاوە بۆ چین، بەگەڕ دەکەوێت.

پلان بۆ ئەوە داندراوە هێڵی بۆڕی "هێزی دووەمی سبیریا" لە ٢٠٢٤ دەست پێ بکات و لە ٢٠٣٠ وەگەڕ بکەوێت، بەم جۆرە غازی رووسیا بە مەنگۆلیادا تێدەپەڕێت و دەگاتە ناوەڕاستی چین. بەم جۆرە هەردوو هێڵە بۆڕییەکە کە بگەن بە توانای تەواوەتی بە تێکڕایی ساڵانە ٨٨ ملیار مەتر سێ جار غازی رووسیا دەگوازنەوە بۆ چین.

ئەم بڕەش بە مانای ئەوە دێت کە رووسیا زیاتر لە نیوەی ئەو غازە سروشتییەی بەرلە جەنگ دەیفرۆشتە یەکێتیی ئەورووپا، لەئێستادا هەناردەی چینی دەکات. بەم شێوەیەش رووسیا لە دابینکردنی غازی چیندا، ریزبەندی یەکەم بەدەست دەهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە رووسیا لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنها سەدا ١٠ی ئەو غازەی دابین دەکرد کە چین هاوردەی وڵاتەکەی دەکرد.

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە مانگی نیساندا، دابینکردنی سەرچاوەکانی وزەی بۆ رۆژئاوا کەم کردەوە و لەبری ئەوە رووی کردە رۆژهەڵات و باشووری ئاسیا. جێگری سەرۆکی رووسیا، ئالێکساندەر نۆڤاک لە مانگی ئەیلوولدا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی سزاکانەوە، هەناردەکردنی غازی رووسیا بۆ ئەورووپا، کەم دەکات و رایگەیاند: "بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی وزەی رووسیا، هەناردەکردنی غازی وڵاتەکەمان بۆ یەکێتیی ئەورووپا لەمساڵدا، ٥٠ ملیار مەتر سێجا دادەبەزێت".

نزیکەی سەدا نۆی پێویستی وزەی چین لە غازی سروشتی پێکدێت و لە ساڵی ٢٠٢١دا، حکوومەتی پەکین غازی لە ٢٧ وڵاتەوە هاوردە کردووە. هەر لە هەمان ساڵدا کۆی گشتی بەکارهێنانی غازی سروشتی نزیکەی ٣٧٢ ملیار مەتر سێجا بووە، لەو بڕەش ٢٠٨ ملیار مەتر سێجای لەلایەن چین خۆیەوە بەرهەمهێندراوە.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، چین لە رێی بۆڕییەوە ١٠٩،٥ ملیار مەتر سێجا و لە رێی دەریاوە ٥٣،٢ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتیی شلکراوەی هاوردە کردووە، هەریەکە لە ئوسترالیا و تورکمانستان لە هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ چین، پشکی شێریان بەرکەوتووە.

لە چین ١٥ عەمباری غاز هەن کە توانای لەخۆگرتنی ١٧ ملیار مەتر سێجا غازیان هەیە، هەروەها ٢٤ ناوەندی کۆکردنەوەی غازی سروشتی شلکراوە هەیە کە توانای لەخۆگرتنی ١٠٩،٥ ملیۆن مەتر سێجا غازیان هەیە.

حکوومەتی پەکین لە پلانیدایە تا ساڵی ٢٠٣٥، بە دروستکردنی ٣٤ بەندەری نوێی تایبەت بە هاوردە کردنی غازی سروشتی شلکراوە، توانای عەمبارکردنی غازی سروشتی شلکراوە لە وڵاتەکەیدا بگەیەنێتە ٢٢٤ ملیۆن مەتر سێجا، زۆرینەی بەندەرەکانیش لە رۆژهەڵات و باشووری چین دروست دەکرێن.