"پارەی حکوومەت بۆ ھاوکاری گەیشتە قەزای دەربەندیخان"

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر –KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای دەربەندیخان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەتی بۆ قەزاکە تەرخان کرد و ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٩-٣-٢٠٢٠) بەشێک لەو بودجەیە گەیشتووەتە قەزای دەربەندیخان.

لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەک لە دەڤەری گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارەکەی حکوومەت ئەمڕۆ بەشێکی گەیشتووەتە قەزای دەربەندیخان و بڕیارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەرج بکرێت و پێداویستیی تەندروستیی شارەکە بەو ھاوکاریەی سەرۆکی حکوومەت دابین دەکرێت."

زۆربەی حالەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی کەوتوونەتە قەزای دەربەندیخان و بەوھۆیەوە سەنتەری قەزاکە بەتەواوەتی کەرەنتین کراوە و لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە چاودێریی ھاووڵاتیانی دەربەندیخان دەکرێت بۆ پاراستنی ژیانیان.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر چەندین جار پەیوەندیی بە ناسح مەلا حەسەن، قایمقامی دەربەندیخانەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەداینەوە.

قائید میرۆ