دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا، جەنەراڵ، مایکڵ کوریللا جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی کاری ھاوبەشی نێوان بەغدا و واشنتۆن بەتایبەتی لەبواری پێشکەش کردنی راوێژ، مەشق و راھێنان بە ھێزە عێراقییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر رووبەرووی تیرۆر ببنەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، جەنەراڵ، مایکڵ کوریللا و شاندی یاوەری و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا کە ھەریەک لە فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ ماتیۆ ماکفەرلین و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی ئامادەی بوون، گفتوگۆکراوە لەسەر پتەوترکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگییە سەربازییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامی کاری ھاوبەشی نێوان بەغدا و واشنتۆن بەتایبەتی لەبواری پێشکەش کردنی راوێژ، مەشق و راھێنان بە ھێزە عێراقییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر رووبەرووی تیرۆر ببنەوە.
باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەداوە کە ھێزە عێراقییەکان سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە ئەرک وکارەکانیان لە پێناو سەقامگیریی و پاراستنی دەستکەوت وسەرکەوتنەکانیان لەجەنگی دژبە تیرۆر.