حه‌ماس دووپات له‌سه‌ر ڕزگاركردنى فه‌ڵه‌ستین دەكاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

له‌ساڵیادى دامه‌زراندنیدا، بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ داگیركارى ئیسرائیلى شه‌رعییه‌تى به‌سه‌ر قودس و مزگه‌وتى ئه‌قسادا نییه‌.

له‌ یادی 35 ساڵه‌ی ده‌ستپێكردنى كارى به‌رگریكردنى خۆى دژى داگیركارى ئیسرائیلى، ئه‌مڕۆ فێستیڤالی گشتی له‌سه‌ر خاكی كه‌تیبه‌ی سه‌وز له‌ غه‌ززه‌، به‌ڕێوه‌چوو، چه‌ندین چالاكی و وتارى له‌خۆگرت، دیارترینیان وتاری سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ غه‌زز، یه‌حیا سینوار و وتارى سه‌رۆكى ئه‌ركانى باڵى سه‌ربازى بزوتنه‌وه‌كه‌ محمد ئه‌لده‌یف.

لاى خۆیه‌وه‌، له‌ وته‌یه‌كیدا كه‌ له‌ فێستیڤاله‌كه‌دا په‌خشكرا، سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سیاسى بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس پابه‌ندبوون و خۆڕاگریی له‌سه‌ر هێڵی به‌رخۆدان، و پابه‌ندبوون به‌ نه‌گۆڕه‌كانی سه‌رزه‌وی فه‌له‌ستین له‌ ده‌ریاوه‌ تا ڕووبار نوێكرده‌وه‌.

ئیسماعیل هه‌نییه‌، به‌ڵێنی به‌ گه‌لی فه‌له‌ستین و خۆڕاگری و شه‌هیده‌كانیان دا، كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی قودس و ئه‌قسا، پاككراوه‌ له‌ داگیركه‌ران به‌یه‌ك بگه‌ن، كه‌ ئه‌م داگیركارییه‌ى جووله‌كه‌ هیچ شوێنێكیان له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ پڕ له‌ به‌ره‌كه‌ته‌دا نییه‌.

یه‌حیا سینوارى سه‌ركرده‌ى بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسیش له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، جه‌ختیكرده‌وه‌ پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌كانی به‌رخۆدان له‌ میحوه‌ری به‌رخۆدان و میحوه‌ری قودس،و هه‌روه‌ها هه‌موو هێزه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی زیندوو، ئاماده‌بن به‌ لافاوێكی به‌خوڕ و هاژه‌هاژه‌وه‌ بخزێن، بۆ ئه‌وه‌ی داگیركارى ئیسرائیلى له‌ خاك و پیرۆزییه‌كان بڕووخێنن.

سه‌رۆكی ئه‌ركانی لیواكانی ئه‌لقه‌سام، باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، محه‌مه‌د ئه‌لده‌یفیش ڕایگه‌یاند، كه‌تیبه‌كانیان درێژه‌ به‌ ڕێبازی شه‌هیدان ده‌ده‌ن.