دیجیتال میدیای سپێده
حکوومەتی پیرۆ، بەهۆی رووداوە توندوتیژییەکان و خۆپیشاندانەکانەوە لەسەرانسەری وڵاتەکە باری نائاسایی بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ راگەیاند.
وەزیری بەرگریی پیرۆ، ئالبێرتۆ ئۆتارۆلا لە راگەیەندراوێکدا باسی لەو رووداوه توندوتیژانه کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا لە وڵاتەکە زیادی کردووە و رایگهیاند: "بەهۆی ئاژاوەگێڕی، توندوتیژی و رووداوەکانی دانانی بەربەست لەسەر رێگا سەرەکییەکان و رێگرتن کە لە ئێستادا بەردەوامە و وهك وەڵامێکی بەهێز و دەسەڵاتدارانە، باری نائاسایی بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ لە سەرانسەری وڵاتەکە راگەیەندرا".
لە خۆپیشاندانەکانی دژبە حکوومەت لە پیرۆ کە بەردەوامە هەزاران کەس کە رژاونەتە سەر شەقامەکان، داوای دەست لەکار کێشانەوەی سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە، دینا بۆلورایت دەکەن.
دوای زیادبوونی خۆپیشاندانەکان، دوێنێ بۆلورایت باری نائاسایی لە هەندێک ناوچە راگەیاندبوو.
لەو روداوانەی کە لە دوای لەسەرکار لادانی سەرکۆماری پێشووی پیرۆ، پێدرۆ کاستیللۆ دەستی پێکردووە، تاکو ئێستا حەوت کەس گیانی لەدەستداوە و ١٥ پۆلیسیش برینداربوون.