.
ـ دوای بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە شەوانێکی لەندەن دا، زارا ئەلینا بە نیوە ڕووتی لەسەر شەقام بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە، دواتر لە کامێراکانەوە دەردەکەوێ کە کەسێك بەناوی جوردان مەکسوینی دوای کەوتووە و دوای دەسدرێژی کردنە سەری دەیکوژێ!
ـ زارا ئەلینای تەمەن ٣٥ ساڵ دەرچووی بەشی یاسا بوو، لە پلانیدا هەبوو ببێ بە پارێزەر، بەڵام جوردان مەکسوینی ٢٩ ساڵ خەونەکەی لە گۆڕ دەنێ!
ـ شایەنی باسە هەمان بکوژ تاوانبارە بە ٦٩ تاوانی تر و ٢٨ جار سزا دراوە.
ـ جێگەی خۆیەتی بوترێ دەسدرێژی سێکسی و کوشتن هەردەم هەواڵی پەڕەی سەرەکی ڕۆژنامەکانەو تەنها لە ساڵی ٢٠٢١دا لە سەدا ٩٢ی ئەو ئافرەتانەی کە دەکوژرێن بە دەستی پیاو بووە!
ـ ئامارەکانیش ئەوە نیشاندەدەن کە ئافرەتان زیاتر دەبنە قوربانی و ئەوەی کە جێگەی تێبینیشە زیاتر لەلایەن کەس و خزم و هاوڕێکانیانەوەیە!
ـ ڕێژەی کوژراوانی ژن بەم شێوەیەیە؛
لە سەدا ٣٢ لەلایەن کەپڵەکانیانەوە.
ئەم ڕێژە کە ١ لەسەر ٣ دەکات یان کەپڵە تازەکەیەتی یان کۆنەکەی!
لە سەدا ١٧ لەلایەن خانەوادەکانیانەوە.
لە سەدا ٦ لەلایەن هاوڕێکانیانەوە.
لە سەدا ٥ لەلایەن ئەوانەی کە نایناسن.
لە سەدا ٣٣ لەلایەن کەسانی ترەوە.
ـ ئەم ڕێژە تەنها بۆ ئافرەت و بەشی ئینگلەند و وەیڵزە، لە سکۆتلەنداش لە هەر ٥ ئافرەت ٢ ئافرەتی لەلایەن کەپڵی خۆیانەوە واتە هاوڕێ کوڕەکەی خۆیەوە دەکوژرێن.
ـ ئەوەی کە جێگەی تێڕامان و گازندەی خەڵکە تەنها کەیسەکانی کوشتن گرنگیان پێدەدرێ، کەیسەکانی دەسدرێژی یەکجار زۆرن و زۆرینە بێ ئەنجام دەبێ، بۆیە ئەمە وایکردووە هەتا زۆرێك شکات لەلای بێ سود بێ و خۆی لێ ببورێنێ!
تەنها لە بەشی ئینگلەند و وەیڵز لە ساڵی ٢٠٢١دا کە بە حساب دەرچوون سنورداریش بووە بەهۆی کۆرۆناوە کەچی چل هەزار و پێنج سەد و حەفتاو دوو (٤٠،٥٧٢)حاڵەتی دەسدرێژی سێکسی تۆمار کراوە، ئەمەش هێشتا حاڵەتێکی بەرزترە بە بەراورد بە ساڵێ پێشتر کە ڕێژەکە (٣٥،٠٢٩) کەس بووە.
ئەوەشی کە لەسەری دەوەستن کە بۆ هێشتا زۆر لە ئافرەتان شکات ناکەن لە حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی و دەسدرێژیدا؟
ڕێژەکانیش بەم شێوەیەیە:
لە سەدا ٤٠ی ئافرەتان شەرم دەکەن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
لە سەدا ٣٩ی ئافرەتان بڕوایان نییە کە یارمەتیان بدرێ.
لە سەدا ٢٥ی ئافرەتان دەترسن کە بڕوایان پێنەکەن.
ئیتر ڕێژەکان بەو شێوەیە دێتە خوارەوە تا هەیانە دەترسێ لەوەی کە بڕواتە دادگا، هەیە دەترسێ لەوەی شکاتەکە کێشەی تری لێ بکەوێتەوە، هەتا هەشە لە خودی پۆلیس دەترسێ!
ئەڵبەت ڕێژەکانیش بۆ پیاو کەم نین، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا مەبەستە بوترێ ئەم کەیسانە زیاتر پەیوەستن بە کێشەی سێکسیەوە.
ناکرێ نەوترێ و خۆتی لێ ببورێنی کە ڕێژەی ئافرەتی مولتەزیم یان هەر نییە یان گەر بشبێ دەگمەنن و بەهیچ شێوەیەك تێبینی ناکرێ.
چونکی ئافرەتانی مولتەزیم ناچنە دەرەوە شەوان، کە دەوترێ ڕۆشتنە دەرەوەی شەوان لە عورفی ئینگلیزیدا واتە ڕۆشتن بۆ باڕ و دیسکۆ و یانەی شەوانە.
وە ئافرەتانی مسوڵمان داپۆشراون و بە داپۆشراوی شەهوەتی پیاو ناجوڵێ.
جگە لەوەش مسوڵمانان گەر ئیشی دەرەوەیان هەبێ لە شەواندا هەتا بۆ کڕینی شتی ئاسایی بێ گەر ماڵیان نزیکی ئەو یانە و جێگە شەوانە بێ پیاوەکانیان دەڕۆن و ئافرەتەکان لەماڵ دەمێننەوە بۆ ئەوەی پارێزراوبن.
زۆر شتی تر شایەنی وتنە بەڵام بۆ ئێوەی خوێنەری بەجێ دەهێڵین.
پەیامێکی برایانەو دۆستانە بۆ ئەو کوردانەی کە تازە دەگەنە ئەوروپا.
تکایە خۆتان بپارێزن لە ڕۆشنە دەرەوە بۆ باڕ و دیسکۆ و یانە شەوانەکان، خۆتان بە پاکی بپارێزن تا خوای گەورە دەروتان لێ دەکاتەو ئافرەتێکی پاکتان بە نسیب دەبێ، پابەند بن بە ئیسلامەوە، پابەندی بە ئیسلامەوە زەمانەتی پاکی و سەلامەتی زیاترە هەردەم.