بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، لە پێرو پێنج هەزار گەشتیار گیریان خواردووە

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دوای ئەوەی لە پێرو سەرکۆماری وڵاتەکە، پێدرۆ کاستیلۆ لە حەوتی کانوونی یەکەمدا لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی لابرا و رەوانەی گرتووخانەکرا و خۆپیشاندان سەرتاسەری وڵاتەکەی گرتەوە، پێنج هەزار گەشتیار گیریان خواردبووە.

بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانەوە کە زۆر ناوچەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەلیخاندرۆ ڤیلاسکۆ ئاستیتی لە شاری کوسکۆ، بەشێوەیەکی کاتیی گەشتەکانی راگرتووە.

فڕۆکەخانەکە کە بووەتە ئامانجی خۆپیشاندەران و لە ١٢ی کانوونی یەکەمەوە تا ئێستا داخراوە، پێنج هەزار گەشتیار لە چاوەڕوانیدان و لە هۆتێلەکاندا گیریانخواردووە.

هەزاران گەشتیار روویان لە شاری ماجو کردووە کە گرنگترین شاری گەشتیاری دێرینی پێروە، بەهۆی خۆپیشاندانەکان و دانانی بەربەست لە رێگاوبانەکان و قەدەغەی هاتوچۆوە ناتوانن روو لە فڕۆکەخانە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، شارەوانی ماجو بیجو بڵاویکردەوە کە سبەی بە چوار هێلیکۆپتەر ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی گەشتیاران لە ناوچە گەشتیارانەوە دەستپێدەکەن.

گەشتیارێکی ئیسپانی کە بۆ کەناڵێکی ناوخۆیی پێرو قسەی دەکرد، داوایەکی ئاڕاستەی بەرپرسانی ولاتەکە کرد و، رایگەیاند: "داوایان لێ دەکەین فڕۆکەیەک بنێرن تا ئێمە بتوانین بڕۆین بۆ ئەرجەنتین".

خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە، دینا بۆلوارتی ئازادکردنی کاستیلۆ و داخستنی کۆنگرێس و هەرچی زووە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن دەکەن.

هاوکات بەهۆی خۆپیشاندانەکان و رووداوە توندوتیژییەکانەوە، حکوومەت لە ١٤ی کانوونی یەکەمدا، لەسەرانسەری ولاتەکە ٣٠ رۆژ باری نائاسایی راگەیاند.