ئەڵمانیا توشی گرفتی کەمی کارمەند و دەرمان دەبێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

زیادبوونی حاڵەتەکانی پەتاکانی وەک ئەنفلۆنزا، کۆرۆنا و ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسەدان "RSV"، گرفتی کەمی کارمەند و دەرمان لە ئەڵمانیا سیستەمی تەندروستی گەیاندووەتە لێواری قەیران.

سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی ئەڵمانیا، کلاوس رینهارت بە رۆژنامەی (Tagesspiegel)ی راگەیاند کە لە دابینکردنی هەندێک دەرمان رووبەڕووی زەحمەتی بوونەتەوە و داوای لە خەڵک کرد هاوکاری یەکتر بکەن.

کلاوس رینهارت بە ئاماژەدان بەوەی کە بەهۆی کەمی دەرمانەوە، دەتوانرێت سوود لە دەرمانە زەخیرەکراوەکان وەربگیرێت، گوتی: "ئەگەر تەندروستن، پێویستە ئەو دەرمانانە بدەن بە نەخۆشەکان کە لە کۆگاکاندان، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش پێوستمان بە دامەزراندنی ناوەندێک هەیە کە دەرمانەکانی لێ کۆبکرێتەوە و لەوێوە دابەش بکرێت".

سەرۆکی کۆمەڵەی نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا، گیراڵد گاس ئاماژەی بەوە دا ژمارەی کارمەندانی تەندروستی بە رێژەی لەسەدا نۆ بۆ لەسەدا ١٠ کەم بووەتەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە نزیکەی لە هەر ١٠ کارمەند یەکێکیان نەخۆشە.

گیراڵد گاز جەختی لەوە کردەوە کە جگە لەو ستافەی کە بەهۆی پەتاکانەوە نەخۆش کەوتوون، خێرا بڵاوبوونەوەی پەتاکانی وەک ئەنفلۆنزا، کۆرۆنا و ڤایرۆسی هەناسەدان "RSV" کە لەناو منداڵاندا باوە، بووەتە گرفتێکی دیکە لەبەردەم کەرتی تەندروستی.

شارەزایان ئاماژەیان بەوە دا کە گرفتەکانی سیستەمی تەندروستی تەنها ئەمانە نین، گلەییشیان لە سیاسەتی کۆمپانیاکانی بیمەی تەندروستیی کرد.