پیسبوونی هه‌وا له‌ تاران گه‌یشته‌ "ئاستی سوور"

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئاستی ئاگاداریی پیسبوونی هەوا لە تاران پایتەختی ئێران گه‌یشتە ئاستی "سوور" و کاریگەری نەرێنی كردووه‌ته‌ ژیانی کۆمەڵایەتی.

ئاستی پیسبوونی هەوا لە ناوچەکانی باکووری تاران "ناتەندروستە بۆ گرووپە هەستیارەکان" (پرتەقاڵی) و لە ناوچەکانی باشووری شاره‌كه‌ "ناتەندروستە بۆ هەموو گرووپەکان" (سوور).

به‌هۆی ئاگادارییه‌كانی پیسبوونی هه‌واوه‌، ناوه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی شاره‌كه‌ كه‌ پارک و باخچەکانن چۆڵ و هۆڵن. ئه‌وه‌ش بینرا ئەو هاووڵاتیانەی له‌ ماڵه‌كانیان چوونەتە دەرەوە، هۆشدارییه‌كانی كاربه‌ده‌ستانیان له‌به‌رچاو گرتووه‌ و ماسكیان بەستووە.

ئاستی قه‌ره‌باڵخی له‌ شەقامی جمهوری کە بە شێوەیەکی گشتی خه‌ڵك زۆر رووی تێده‌كه‌ن و دوكانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لێیه‌، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

هیچ داكشانێك لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا، رووی نه‌داوه‌. ئه‌گه‌رچی دەسەڵاتداران هۆشدارییان دا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پێویست نه‌بێت هیچ كه‌سێك نه‌یه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێل و شارەوانی تاران بڵاویكرده‌وه‌، بلیتی چوونە ژوورەوە بۆ ئەو ناوچانە نافرۆشرێت کە چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلیان سنووردارە، به‌ڵام شۆفێران شەقامەکانیان چۆڵ نه‌كرد.

بورجی میلاد کە یەکێکە لە سیمبوله‌كانی شارەکە، بەهۆی چڕیی پیسبوونی هەواوه‌، به‌ تارماییه‌كی كاڵ داپۆشراوه‌.

بەهۆی بەرزی ئاستی پیسبوونی هەواوه‌، هەفتەی رابردوو خوێندنگه‌كان له‌ تاران و ئه‌لبورز كرانه‌ پشوو و وانە خوێندن بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەچوو. لە راگه‌یه‌ندراوێكیشدا، دوێنێ ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه کە تا ئێوارەی رۆژی سێشەممە ده‌رگای خوێندنگه‌كان ناكرێنه‌وه‌.

جگە لە شوێنی جوگرفی تاران کە بۆ سووڕی هەوا نه‌گونجاوه‌ و چڕی دانیشتوانی شاره‌كه‌، ئه‌و گازه‌ی له‌ ئۆتۆمبێلە کۆنەکان و ماتۆڕسکیلەکانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به‌كارده‌هێنرێن، ده‌رده‌درێت، له‌نێو ئه‌و هۆكارانه‌دان كه‌ پیسبوونی هه‌وا له‌ تاران زیاد ده‌كه‌ن.

لە ریزبەندی پیسبوونی هەوادا، تاران لە ریزبەندی سێ شاری یه‌كه‌مدایه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان. هه‌ر بۆیه‌ ​​زوو زوو خوێندنگه‌كان لە شاره‌كه‌ ده‌كرێنه‌ پشوو.