دیجیتال میدیای سپێده
کۆمکاری عەرەبی داوای کرد لە هۆکاری کەمی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە گشتییە پێشوەختەکەی تونس، بکۆڵدرێتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی نوێنەرایەتی کۆمکاری عەرەبی بڵاوکراوەتەوە کە چاودێری هەڵبژاردنەکانی تونسی کرد، باس لەوە کراوە کە رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا کەم بووە و لە دەوروبەری سەدا ٨،٨ بووە.
لە کاتێکدا لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پرۆسەی هەڵبژاردن کراوە لە هۆکارەکانی بەشداری کەمی دەنگدەران بکۆڵنەوە، ئاماژە بەوەیش کراوە کە دەکرێت هۆکارە جۆراوجۆرەکانی وەک سیستمی نوێی هەڵبژاردن ئەم ئەنجامانەیان لێبکەوێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچووە و سەدا ٩٢،٧ی ئەو ناوەندانەی هەڵبژاردن کە شاندی کۆمکاری عەرەبی سەردانی کردوون ئەنجامدانی هیچ بانگەشەیەک لە دەوروبەیدا بەدینەکراوە و ئاسایشی ناوەندەکانی هەڵبژاردن بە باشی دەستەبەرکراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا، هیچ کارێک نەکراوە کاریگەری لەسەر دەنگدەر دروست بکات و لە ئەدای کارمەندەکانی سەر سندوقەکانی دەنگدانی سەدا ٧٨،٩ی ئەو ناوەندانەی بەسەرکراونەتەوە، رازین.
بەمەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی پەرلەمانی تونس کە ١٦١ کورسییە، دوێنێ هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختە بەڕێوەچوو.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی تونس، فاروق بوعەسكەر ئاماژەی بەوە کرد لە کاتێکدا نزیکەی نۆ ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو لە وڵاتدا هەیە، لە پاش داخستنی سندوقەکانی دەنگدان رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە دەوروبەری سەدا ٨،٨ بووە.