حکوومەتی ئەنوەر ئیبراهیم لە مالیزیا دوو لەسەر سێی متمانەی پەرلەمانی بەدەست هێنا

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

حکوومەتی سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، ئەنوەر ئیبراهیم لە دانیشتنی پەرلەماندا دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەست هێنا.

حکوومەتی نیشتمانی کە دوای هەڵبژاردنی گشتیی ١٩ی تشرینی دووەم لەلایەن ژمارەیەک لە حزبە براوەکانی هەڵبژاردن پێک هێندرا، توانی بە بەدەستهێنانی ١٤٨ کورسی لە کۆی ٢٢٢ کورسییەکەی پەرلەمان متمانەی دوو لەسەر سێی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

ئەمەیش بەرزترین رێژەی بەدەستهێنانی دەنگە لە ٢٠٠٨ەوە تاکوو ئێستا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ متمانەدان بە حکوومەت.

هەر لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا هەروەها جۆهاری عەبدول کە لەلایەن ئەنوەر ئیبراهیمەوە پێشنیاز کرابوو لە جێگای ئاهار عەزیزان هارون وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

 

- ئەنوەر ئیبراهیم لە هەڵبژاردنی گشتیدا ٨٢ کورسی بە دەست هێنا

هاوپەیمانی هیوا بە سەرۆکایەتی ئەنوەر ئیبراهیم بە بەدەستهێنانی ٨٢ کورسی توانی ببێتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە. هاوپەیمانی نیشتمانییش بە سەرۆکایەتی موحێدین یاسین توانی ٧٣ کورسی بەدەست بهێنێت.

دوای راگەیەندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەستیان پێ کرد.

بەرەی نیشتمانی بە سەرکردایەتی رێکخراوی نیشتمانی مالای یەکگرتوو و پارتەکانی گابونگان راکیات سەباح پشتیوانی خۆیان بۆ ئەنوەر ئیبراهیم راگەیاند.