کۆریای باکوور هەڕەشەی "رێوشوێنی سەربازیی یەکلاکەرەوە" لە ژاپۆن دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

کۆریای باکوور ستراتیجییە ئەمنییە نوێیەکەی ژاپۆنی سەرکۆنە کرد و ھەڕەشەی ئەوەی کرد کە "رێوشوێنی سەربازیی یەکلاکەرەوە" بەرامبەربە ژاپۆن دەگرێتەبەر.

ئاژانسی ھەواڵیی یونھاپ بڵاوی کردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ژاپۆن راگەیاندنی سیاسەتی "لێدانی بەرامبەر" دژبە وڵاتانی دیکە، بووەتە ھەڕەشەیەکی گەورە لە ناوچەکەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا، ھاتووە "ستراتیجییە ئەمنییە نوێیەکەی ژاپۆن، گۆڕانکاری ریشەیی لە رەوشی ئەمنی لە رۆژھەڵاتی ئاسیادا دروست کردووە و ئەمەیش ھەنگاوێکی ھەڵە و زۆر مەترسیدارە".

راشیگەیاندووە کە کۆریای باکوور بە گرتبەری "رێوشوێنی سەربازیی یەکلاکەرەوە"، وەڵامی ئەو ھەنگاوەی ژاپۆن دەداتەوە.

تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ژاپۆن، ھیچ ھەڵوێست و کاردانەوەکەیان لەبارەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور نیشانداوە.

رۆژی ھەینی، ژاپۆن سیاسەتێکی ئەمنیی ئاشکرا کرد کە لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە وێنەی نەبووە و ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە ئەنجامدانی "لێدانی بەرامبەر" دژبە ئەو وڵاتانەی کە بە دوژمنی خۆی دەزانێت.