له‌ كه‌ركوك به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌یه‌ك پێنج له‌هێزه‌ ئه‌منىیه‌كانی عێراق ده‌بنه‌ قوربانى

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دواى سێ رۆژ له‌هێرشێكى هاوشێوه‌ كه‌بوه‌ هۆى كوشتنى 12 كه‌س له‌هێزه‌كانى پۆلیسى ئیتیحادى له‌كه‌ركوك، ئه‌مرۆ جارێكى دیكه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌هێزه‌كانى ئه‌منى عێراقیدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ وبه‌هۆیه‌وه‌ پێنج كه‌س بونه‌ته‌ قوربانى.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى له‌پارێزگاى كه‌ركوك بڵاویكرده‌وه‌: شه‌وى رابردوو به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌باشورى كه‌ركوك له‌قه‌زاى حه‌وێجه‌ له‌ناوچه‌ى زاب، سێ سه‌ربازى سوپاى عێراق ده‌كوژرێن و دووى دیكه‌ش بریندار ده‌بن، ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ دواى سێ رۆژ له‌هێرشێكى چه‌كداران دێت بۆ سه‌ر هێزه‌كانى پۆلیسى فیدرالى كه‌به‌هۆیه‌وه‌ 12 كه‌س كوژران.

دواى شه‌ش ساڵ له‌راگه‌یاندنى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش دا له‌عێراق، تا ئێستاش چه‌كدارانى داعش وشانه‌ نووستووه‌كانیان هێرش بۆ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق ئه‌نجامده‌ده‌ن و قوربانى گیانى له‌نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وهاوڵاتیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌.