ئه‌مریكا هاوكاری سه‌ربازی به‌بڕی 1،85 ملیار دۆلار كه‌سیستمی پاتریۆتیش له‌خۆ ده‌گرێت ده‌داته‌ ئۆكراینا

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، ئاشكرایكرد: به‌بڕی یه‌ك ملیار و 850 ملیۆن دۆلار هاوكاری سه‌ربازیی ده‌ده‌نه‌ ئۆكرانیا كه‌سیستمی به‌رگریی ئاسمانی پاتریۆتیش ده‌گرێته‌وه‌.

له‌باره‌ى هاوكارییه‌كانیان بۆ ئۆكرانیا، ئانتۆنی بڵینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، رایگه‌یاند: ئه‌مریكا به‌مه‌به‌ستی دووپاتكردنه‌وه‌ی پاڵپشتییه‌كانی بۆ گه‌لی ئۆكرانیا له‌واشنتۆن میواندارێتی سه‌رۆكی ئۆكرانیا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسكی كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: له‌ماوه‌ی 300 رۆژی رابردوودا كرملین هه‌وڵیدا ئۆكراینا له‌نه‌خشه‌دا بسڕێته‌وه‌ وسه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.

بڵینكن راشیگه‌یاند: جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مركیا ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا هاوكاری ئۆكرانیا بكات له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌ بێ هۆكار وبێ به‌زه‌ییه‌كانی روسیا به‌رگری له‌خۆی بكات، دابینكردنی توانای سه‌ربازی نوێ وهه‌ستیار راده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌بایدن پێی داون بۆ جاری هه‌شته‌م چه‌كیان له‌كۆگاكانی ئه‌مریكا بۆ ئۆكراینا دابینكردووه‌ وگوتی: ته‌قه‌مه‌نی وپێداویستی هه‌ستیاری زیاده‌ به‌بڕی یه‌ك ملیار دۆلار، توانای ئۆكراینا بۆ به‌رگرییكردن له‌خۆی له‌جه‌نگه‌كه‌دا فراوانتر ده‌كات، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵی هاوكاریی ئه‌منی ئۆكراینا ئه‌مڕۆ هاوكاری ئه‌منی زیاده‌ به‌بڕی 850 ملیۆن دۆلار ده‌داته‌ ئۆكراینا.

بڵینكن ئاشكراشیكرد: له‌گه‌ڵ ئه‌م پاكێجی هاوكارییه‌دا كۆی گشتی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیداره‌ی بایدن بۆ ئۆكراینا گه‌یشتووه‌ته‌ 21 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار وگوتی: هاوكارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ یه‌كه‌م جار مووشه‌كی ئاراسته‌كراو، مووشه‌كی بالیستی كورت مه‌ودا وسیستمی به‌رگری ئاسمانی پاتریۆت كه‌توانای خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی هه‌یه‌ له‌خۆده‌گرێت.