تۆمه‌تبارێك دوای دزینی 100 مسقال ئاڵتونی له‌ هه‌ولێر، له‌ سلێمانی ده‌ستگیركرا

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

پۆلیسی سلێمانی ڕایگه‌یاند: لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەك مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی-نوسینگەی كوردسات تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد و دانی نا بەوەدا كە 100 مسقاڵ ئاڵتونی لە شاری هەولێر دزیوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، دوای ئەوەی چەند هاوڵاتییەك سكاڵایان تۆماركرد كە دزییان لێكراوە، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردوو سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكریێت كە لەگەڕەكەكانی كوردسات، بەختیاری، ئیبراهیم ئەحمەد لەسلێمانی و لەشاری هەولێر دزی لەماڵان كردووە.

ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، لە ئێستادا تۆمەتبار (م ، أ ، ح لەدایكبووی 1999 –دانیشتوی شاری كەركوك ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بەتاوانەكانیدا و وتویەتی كە لەشاری هەولێر بڕی 100 مسقاڵ ئاڵتونی دزیوەو لەشاری كەركوك فرۆشتویەتی.