ئه‌مریكا.. به‌هۆی زریانی به‌فره‌وه‌ لانیكه‌م 15 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

زریانی به‌فر زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن و 700 هه‌زار ماڵ وشوێنی كاری له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌مریكادا بێ كاره‌با كرد و 15 كه‌سیش به‌هۆی رووداوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌كه‌شوهه‌واوه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.

فه‌رمانگه‌ی كه‌شناسی نیشتمانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ئه‌و ره‌شه‌با سارده‌ی كه‌له‌جه‌مسه‌ری باكووره‌وه‌ هاتووه‌ وكاریگه‌رییان كردووه‌ته‌ سه‌ر دوو له‌سه‌ر سێی وڵات، له‌رۆژانی كۆتایی هه‌فته‌شدا له‌ناوه‌ند وخۆرهه‌ڵاتی ئه‌مریكا كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌رده‌وامی ده‌بێت.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی كه‌ناڵی CNN، به‌هۆی ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ئه‌نجامی ناله‌باریی ره‌وشی كه‌شوهه‌واوه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری وڵاتدا روویانداوه‌، لانیكه‌م 15 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

هاوكات به‌هۆی رووداوه‌كه‌ زنجیره‌ییه‌كانی هاتوچۆوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌س برینداربوون وكاربه‌ده‌ستان هۆشداری له‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌به‌هۆی زریانی به‌فره‌وه‌ كه‌له‌هه‌ندێك ناوچه‌ خێراییه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ 115 كیلۆمه‌تر له‌كاتژمێرێكدا، مه‌ودای بینین بۆ سفر دابه‌زیوه‌. و زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن و 700 هه‌زار ماڵ وشوێنی كار له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌مریكادا بێ كاره‌بان، كاربه‌ده‌ستانیش هۆشداریی ده‌ده‌ن له‌وه‌ی به‌هۆی به‌رده‌وامی ناله‌باری كه‌شوهه‌واوه‌، ره‌نگه‌ چاككردنه‌وه‌ی گرفته‌ ته‌كنیكییه‌كان ماوه‌ی چه‌ندین رۆژی بوێت.