بەتۆمەتی "یاساشکێنی باڵاپۆشی زۆرەملێ" دوو شوێنکار لە مۆڵێکی شاری بوروجەرد لە پارێزگای لوڕستان رۆژئاوای ئێران داخران.
جێگری بەڕێوەبەری یەکەی کارگێڕیی بوروجەرد، ئەمین گودەرزی بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "بەهۆی یاساشکێنی باڵاپۆشی زۆرەملێ لەلایەن کارمەندەکانیانەوە دوو شوێنکاری دیپلۆمات سەنتەر مۆریان لێ دراوە".
ئەمین گودەرزی ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیاری داخستنی ئەم دوو شوێنکارە لەلایەن داواکاری گشتییەوە دراوە و پێشتر هۆشداری دراوە بەو دوو شوێنکارە.
لە پارێزگای قوم لە ئێران لە رێککەوتی ٢٥ی کانوونی دووەم بە پاساوی "شکاندنی یاسای پۆشینی جلوبەرگ" مۆڵێک مۆری لێ درا کە چەندین دووکان و کۆگای تیایدایە و ٧٠٠ کەس کاری تیادا دەکەن.
لە ٢٠ی کانوونی دووەمیش بەتۆمەتی "پێدانی خزمەتگوزاری بەو خانمانەی باڵاپۆش نین" پێنج شوێنکار لە شاری قەزوین داخران.
رۆژی ١٣ی ئەیلوول دوای دهستگیركردنی لهلایهن پۆلیسی ئیرشادی تارانهوه بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵان رەوشی تهندروستیی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ١٦ی ئەیلوول ئهمینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. مهرگی مەهسا ئەمینی بووه هۆی سهرههڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایهتی له زۆربەی شارەکانی ئێران.
لە میانی خۆپیشاندانەکان کە گۆڕان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژبە حکوومەتی ئێران، سەدان کەس لە سەرتاسەری ئێران گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش دەستگیرکراون.