دیجیتاڵ میدیایی سپێده
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک رایگەیاند کە رووسیا ئامادەیە لەڕێگای ھێڵی بۆری یامال-ئەورووپاوە، دەست بە ھەناردەکرنی غازی سروشتیی بکاتەوە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی کەمی دابینکردنی غاز لە کیشوەری ئەورووپا.
ئاژانسی ھەواڵیی تاس (TASS)ی رووسی بڵاوی کردووەتەوە کە ئەلێکساندر نۆڤاک لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێشتا بازاڕی یەکێتیی ئەورووپا لە بەردەم غازی سروشتیی رووسیادا، کرایەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کۆمپانیای "جازکید" کە ئەرکی وەگەرخستنی ھێڵی بۆرییەکە، رایگەیاندبوو کە ھەناردەکردنی غازی رووسیا لەڕیگای ھێڵی بۆری یامال-ئەورووپاوە راگیراوە.
لە سەرەتای دەست پێ کردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە مانگی شوباتدا، ھەناردەکردنی غازی سروشتیی لە رووسیاوە بۆ کیشوەری ئەورووپاوە کەمبووەتەوە، ئەوەیش وای کردووە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەرەوڕووی کەمی غازی سروشتیی ببنەوە لەکاتێکدا، پلەکانی گەرما زۆر دابەزیووە، ئەوەیش خواستی لەسەر سەرچاوەکانی وزە زیاد کردووە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک گوتوویەتی: "بازاڕی (یەکێتیی ئەورووپا) دانەخراوە، نموونەیش لەسەر ئەوە، توانیومانە لە میانی ئەمساڵدا، ھەناردەکردنی غازی سروشتیی بۆ ئەورووپا زیاد بکەین".
راشیگەیاندووە "ھێشتا کەمیی غاز لە ئەورووپادا ھەیە، بۆیە رووسیا ئامادەیە لە ڕێگای بۆری یامال-ئەورووپا دەست بە ھەناردەکردنی غازی سروشتیی بکاتەوە، ھەروەھا رووسیا لەڕێگای تورکیاوە لە گفتوگۆدایە لەبارەی زیادکردنی ھەناردەکردنی غاز، ئەوەیش دوای دامەزراندنی ناوەندێکی غاز لە تورکیا".
لەئێستادا رووسیا لەڕێگای ھێڵی بۆری تورک ستریم غاز ھەناردە دەکات کە لەئێستادا، بە توانای تەواو کاردەکات لە کاتێکدا لەڕێگای ئۆکرانیاوە، رۆژانە ٤٢ ملیۆن مەتر سێجا غاز دابین دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی قەبارەی گواستنەوە، وەک لە گرێبەستەکەدا ھاتووە.