حكومەتی عێراق بۆ جاری دووه‌م نه‌وتی سپی به‌سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌ك دابه‌شده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانى عێراق، رایگه‌یاند: له‌ سبه‌ی سێ شه‌ممه‌وه‌، دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له‌ پارێزگاكانی نه‌ینه‌واو سه‌ڵاح ئه‌دین و ئه‌نبارو كه‌ركوك، بۆ جارى دووه‌م ده‌ست پێده‌كات.

به‌گوێره‌ى ئاژانسى هه‌واڵى عێراق "حوسێن تاڵیب" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیاى دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانى عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاندووه‌: كۆمپانیاكه‌، له‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌وه‌،كارتی سووته‌مه‌نی بۆ نه‌وتی سپی له‌ پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار و كه‌ركوك، بۆ هه‌ر كارتێك 100 لیتر دابه‌شده‌كات، له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ ئه‌م نه‌وته‌ وه‌جبه‌ی دووه‌می پشكی زستانه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیانى ئه‌م پارێزگایانه‌دا دابه‌ش ده‌كرێت، كه‌ دابه‌شكردنه‌كه‌ش له‌ ڕێگای بریكاری به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌وه‌ ده‌بێت و داواش له‌هاوڵاتیان ده‌كات به‌شه‌ نه‌وته‌كانیان وه‌ربگرن، به‌یاننامه‌كه‌ روونیشیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌م پارێزگارانه‌ به‌هۆی نزمی پله‌كانی گه‌رماوه‌ به‌شه‌نه‌وتی دووه‌میان پێده‌درێت.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ گه‌ڕى دووه‌مى دابه‌شكردنى نه‌وته‌ له‌ به‌شێك له‌ پارێزگاكانى عێراق، كه‌چى تا ئێستا له‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌كانى كوردستان حكومه‌تى هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ یه‌ك جاریش نه‌وت به‌سه‌ر هاوڵاتیانیدا دابه‌شبكات، سه‌ره‌رشاى ئه‌وه‌ى له‌ ناوه‌دى به‌شێك له‌ شاره‌كان خێزان هه‌یه‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌شه‌ نه‌وتى زستانه‌ى پێ نه‌دراوه‌و ئه‌مساڵیش ئومێدیان به‌ وه‌رگرتنى نه‌وته‌كه‌ى حكومه‌ت نیه‌.