ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: دەبێ مامۆستایان رۆڵیان ھەبێت لە پاراستنی شوناس و پێگەیاندنی نەوەیەکی ھۆشیار

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەمڕۆ دوو شەممە بەرواری 26/12/2022 لە میانی پێشکەشکردنی وتەیەکدا لە خێوەتگەیەکی ئەنجوومەنی باڵای مامۆستایانی یەکگرتوو کە بۆ مامۆستایانی سنووری مەڵبەندەکانی بەردەرەش، ئاکرێ و شێخان رێکیخستبوو، رایگەیاند: مامۆستا پەیامدارە و دەبێت پێشەنگیی خۆی بپارێزێ و ببێتە مەرجەعی خەڵک و دڵسۆزبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابیان و وەکو باوک بن و بە مناڵی خۆیانیان بزانن و خەمی داھاتوویان بخۆن لە پەروەردەکردن و پێگەیاندنیان.

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بە بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و گوتی: کوردستان بە ئامانج گیراوە بۆ پیلانێکی درێژخایەن و دەیانەوێت مرۆڤ خەریکی خۆی بێت و لەم فیترەتە پاکەی خۆی دووری بخەنەو نائومێدکردنی گەنجانیش بەشێکە لە پیلانەکەو بێ کاریان دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە بیربچێتەوە، دووپاتی کردەوە کە چارەسەری ئەمانە لە پەروەردە دەستپێدەکات و دەبێت مامۆستایان بە پەیامی جوان و ھۆشیارکردنەوەیان رێگری بکەن لەم پیلانە ناشایستە دژ بە داھاتووی نەوەکانمان، دەبێت مامۆستایان بەشێک بن لە رێگری لەو پلانە دزێوە و ببنە ھۆکار و چارەسەر بۆ پاراستنی شوناسی کۆمەڵگە.