بانکی ناوەندیی عێراق داوا لە بازرگانان دەکات بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی دراو پەنا نەبەنەبەر سەفتەبازان، ھەروەھا داوا لە بانکەکان دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی مەرجە یاساییەکان، دڵنیایی و ئاسانکاری بۆ کڕیارانی دراو دەستەبەر بکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی کارگێریی بانکی ناوەندیی کۆبووەتەوە و ھۆکار و لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ناوخۆدا تاوتوێ کردووە.
راشیگەیاندووە کە باس لە لێکەوتە و ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕکردنی دراو لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا کراوە و لەبارەیەوە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانی کاتییە و لە ئەنجامی ژمارەیەک ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییە بە لەبەرچاوگرتنی پەسەندکردنی میکانیزمەکان بۆ پاراستنی کەرتی بانکی و کڕیاران و سیستەمی دارایی، لە کاتێکدا سەرجەم مەرجەکانی بازرگانی دەرەکی (بۆ مەبەستی کریدت یان حەواڵەکردنی بەڵگەنامەیی) بە نرخی فەرمی (١٤٦٥) دینارە بۆ ھەر دۆلارێک بۆ کرێدیتی بەڵگەنامەیی و (١٤٧٠) دینارە بۆ ھەر دۆلارێک بۆ حەواڵەکردن.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو، بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە بازرگانان کردووە بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی دراو پەنا نەبەنەبەر سەفتەبازان و رایگەیاندووە "دەمانەوێت ئاماژە بەو بڕیارە بدەین کە ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (٣٥١) بۆ ساڵی ٢٠٢٢ سەبارەت بە نەدانی باجی گومرکی و باجی پێشوەختە دەری کردووە، چونکە ئەوە دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی رێکارەکان و لابردنی تێچوونەکان کە لە ئەنجامی کێشەکانی پێشوەختەی سنووردارکردنەوە دێنە ئاراوە".
ئاماژە بەوەیش داوە کە بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە بانکەکان کردووە بە لەبەرچاوگرتنی مەرجە یاساییەکان، دڵنیایی و ئاسانکاری بۆ کڕیارانی دراو دەستەبەر بکەن.
ئەمەیش لە کاتێکدا ماوەی چەند رۆژێکە، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بۆرسەی عێراقدا، بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی تۆمارکردووە کە ئەمڕۆ فرۆشتنی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٥٩ ھەزار دینار.