دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە پێویستە بانکی ناوەندیی رێگانەدات لە بازاڕەکاندا یاری بە نرخی دراو بکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب و کۆبووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا غالب کورتەیەکی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانیی و گرنگترین ئەو رێکارانەی کە بانکی ناوەندیی لەوبارەیەوە گرتوویەتەبەر بۆ محەمەد شیاع سوودانی باس کردووە.
باسی لەوەش کردووە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی کردووە کە بەپێی ماددەکانی (سێ و چوار) لە یاسای بانکی ناوەندیی عێراق کە تایبەتن بە سەقامگیرکردنی ئاڵوگۆڕی نرخی دراو، سەقامگیریی بۆ نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕەکاندا دابین بکات، ھەروەھا چاودێری کاروباری بانکەکان بکات و سەلامەتی سیستەمی پێدان پتەوتر بکات.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە بانکی ناوەندیی رێگا نەدات لە بازاڕەکاندا یاری بە نرخی دراو بکرێت، ھەروەھا گرنگە بانکی ناوەندیی رێکاری پێویست بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی زیان بە بەبازاڕی ناوخۆیی نەگەیەندرێت و نرخی دراوە بیانییەکان بەرز نەبێتەوە.
ھەروەھا راشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە ھەنگاوەکان لەبارەی فرۆشتنی دراوە بیانییەکان بەنرخی فەرمیی بەھاووڵاتییان چالاکتر بکرێن، ئەوەیش لەڕێگای کڕینی کارتی ئەلیکترۆنی و کردنەوەی دەروازەکانی فرۆشتن بە گەشتیاران و ئەوانەی سەردانی دەرەوەی عێراق دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، هەروەها پشتگیریکردن لە بازرگانی دەرەکی بەپێی رێنمایی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بەسیستەمی کریدت و حەواڵەکردنی بەڵگەنامەیی.
باسی لەوەش کردووە کە لای خۆیەوە پارێزگای بانکی ناوەندیی، مستەفا غالب جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە قەیرانی دراوی بیانیی، قەیرانێکی لەناکاوە و بەھۆکاری تەکنیکیەوە بووە و ھاوکاتە لەگەڵ کارکردن بە سیستەمی ئەلیکترۆنی نوێ و دواکەوتنی ئالوگۆڕەکان بەھۆی پشووەکانی جەژنی سەری ساڵەوە.
ئەمەیش لە کاتێکدا ماوەی چەند رۆژێکە، نرخی دینار بەرامبەربە دۆلار لە بۆرسەی عێراقدا، بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی تۆمارکردووە کە ئەمڕۆ فرۆشتنی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٥٧ ھەزار و ٥٠٠ دینار.