پوتین فرۆشتنی نه‌وتی به‌و وڵاتانه‌ قه‌ده‌غه‌كرد كه‌به‌رزترین نرخیان له‌سه‌ر روسیا جێبه‌جێ كردووه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

له‌لایه‌ن سه‌رۆكی روسیاوه‌ مه‌رسوومێك واژوو كراوه‌ كه‌فرۆشتنی نه‌وت وبه‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی روسیا به‌و كه‌س وكۆمپانیایانه‌ قه‌ده‌غه‌ كرا كه‌به‌شداربوونه‌ له‌جێبه‌جێكردنی به‌رزترین نرخ له‌سه‌ر نه‌وته‌كه‌ى.

ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆكى روسیا، له‌رێگه‌ی ئه‌و مه‌رسوومه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی میچى نرخی 60 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی روسیا له‌لایه‌ن وڵاتانی خۆرئاواوه‌ بڕیاری جێبه‌جێكردنی سزای ده‌ركرد.

به‌پێی ئه‌و مه‌رسوومه‌ی كه‌فرۆشتنی نه‌وت وبه‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی به‌و كه‌س وكۆمپانیایانه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات كه‌به‌شدارییان له‌جێبه‌جێكردنی به‌رزترین نرخ له‌سه‌ر نه‌وتی روسیا كردووه‌، ئه‌وانه‌ی نه‌وتی روسیا ده‌كڕن ئه‌گه‌ر میكانیزمی میچی نرخێكی جێگره‌وه‌ له‌وه‌ی له‌گرێبه‌سته‌كدا هه‌یه‌ به‌كاربهێنن ئه‌وه‌ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتیان بۆ ئه‌نجام نادرێت.

له‌مه‌رسوومه‌كه‌دا دیاریكراوه‌ كه‌قه‌ده‌غه‌كردنی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ 1ی شوباتی 2023وه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێ كردن وجه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌: گواستنه‌وه‌ی نه‌وت بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌میچی نه‌وتیان جێبه‌جێ كردووه‌ ته‌نها به‌ره‌زامه‌ندی پوتین ئه‌نجامده‌ده‌رێت.

وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ 2ی كانوونی یه‌كه‌م گه‌یشتنه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ 60 دۆلار وه‌كو به‌رزترین نرخ بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و نه‌وته‌ی روسیا كه‌له‌رێگای ده‌ریاوه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌.