عەبدولـلەتیف رەشید: سەردەمی تاریکی داعش لە عێراق کۆتایی ھاتووە

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی بەسەرکردنەوەی کڵێسای تاھیرە لە شاری مووسڵ رایگەیاند کە سەردەمی تاریکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراق کۆتایی ھاتووە، ئێستا عێراق ھەنگاو بە ئاراستەی پەرەپێدان، پێشکەوتن، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی لەسەرجەم ئاستەکاندا دەنێت.

کڵێسای تاھیرە بە یەکێک لە کڵێسا گەورەکانی مەسیحییەکانی شاری مووسڵ دادەندرێت کە لە ساڵانی رابردوودا لە میانی داگیرکردنی شارەکە لەلایەن داعشەوە کرابووە دادگا و دواتر وێرانکرا و سووتێندرا.

کڵێساکە لە حوەزیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا و لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی شاری مووسڵ، لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆ دەست بە دووبارە بنیاتنانەوەی کرابوو.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی بەرنامەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای نەینەوا، کڵێسای تاھیرە و ژمارەیەک کڵێسای دیکەی لە شاری مووسڵ بەسەر کردووەتەوە.

راشیگەیاندووە کە عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، زانیاری لەبارەی پڕۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کڵێساکە کە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە وێرانکرابوو، پێ دراوە.

باسی لەوەش کردووە کە عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی بەسەرکردنەوەی کڵێسای تاھیرە رایگەیاندووە، سەردەمی تاریکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراق کۆتایی ھاتووە، ئێستا عێراق ھەنگاو بە ئاراستەی پەرەپێدان، پێشکەوتن، ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی لەسەرجەم ئاستەکاندا دەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی نەینەوا و دانیشتوانەکەی، گەیشتە شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگاکە.