دیجیتاڵ میدیای سپێده
دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سعوودیە بە مەبەستی ئەوەی هەردوو شاری مەککە و مەدینە "بکەنە ناوەندی چالاکیی ئابووری ئیسلامی" رێککەوتنێکیان لەگەڵ ژووری کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی ئیسلامی (ICCIA) واژوو کرد.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سعوودیە بڵاوی کردەوە، بە بەشداری وەزیری بازرگانیی سعوودیە، ماجید بن عەبدوڵڵا قەسەبی رێککەوتنەکە لەنێوان ژووری بازرگانیی مەککە و ژووری بازرگانیی مەدینە لەگەڵ ژووری کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی ئیسلامی (ICCIA) سەربە رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی واژوو کراوە.
ئامانج لە رێککەوتنەکە ئەوەیە هەردوو شاری مەککە و مەدینە بکرێنە ناوەندی چالاکییە ئابوورییەکانی جیهانی ئیسلامی.
وەزیری بازرگانیی سعوودیە، ماجید بن عەبدوڵڵا قەسەبی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە سەردانی موسڵمانان بە درێژایی مێژوو بۆ خاکی پیرۆز، وای کردووە شارەکانی مەککە و مەدینە لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە بەردەوام چالاک بن.
ماجید بن عەبدوڵڵا قەسەبی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە میانی بەرنامەی هاوبەشی سێقۆڵیدا دەتواندرێت چەندین چالاکیی گرنگ ئەنجام بدرێت، گوتی: "بێگومان هەردوو شارە پیرۆزەکە لەنێو دڵی موسڵماناندان. هیوادارین لە میانی بەرنامەی هاوبەشی سێقۆڵیدا پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان بەهێز بکرێن".