لە زۆربەی ناوچەکانی ئۆکرانیا پچڕانی کارەبا هەیە

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، زۆربەی وڵاتەکەی بەدەست پچڕانی کارەباوە دەناڵێنێت له‌ دوای ئەوەی هێرشە مووشەکیەکانی ڕوسیا دووبارە لە سەرتاسەری وڵاتەکەیان کردە ئامانج.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، زۆربەی وڵاتەکەی بەدەست پچڕانی کارەباوە دەناڵێنێت، لە كاتێكدا كه‌ پلەکانی گەرما دابەزینی بەرچاوی به‌ خویه‌ بینیوه‌ ، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشە مووشەکییە توندوتیژەکانی ڕوسیا دووبارە لە سەرتاسەری وڵاتەکەیان کردە ئامانج.

ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: هەڵسەنگاندنی ڕووسیا بۆ پلانی ئاشتی سەرۆکی ئۆکرانیا " گاڵتەجاڕییە" و ئەوەش تەنیا هەوڵێکی واشنتۆنە بۆ ئەوەی ڕژێمی ئۆکرانیا وەک ئاشتیخوازێک بخاتەڕوو.

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا پێشتر ڕاپۆرتیان دابوو کە پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە تووشی شەپۆلێکی بۆردومانی ڕووسیا بوون بە ١٢٠ مووشەک، کە دامەزراوە گرنگەکان و ناوچە مەدەنییەکانی کردە ئامانج و بووەتە هۆی پچڕانی بەرفراوانی کارەبا.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا هەروەها ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لەژێر توندترین هێرشدایە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە ئاراستەی جۆراوجۆرەوە بە مووشەکی کروز لە ئاسمان و دەریاوە، لە فڕۆکە و کەشتییە ستراتیژییەکان.

زێلێنسکی وتیشی: لە زۆربەی ناوچەکانی ئۆکرانیا پچڕانی کارەبا هەیە، بە تایبەتی لە ناوچەی کیێڤ، پایتەخت، ناوچەکانی لڤیڤ، ئۆدێسا، خێرسۆن، ڤینیتسیا و ترانسکارپاتیا سەختە.