به‌ ره‌زامه‌ندی دادگای فیدڕاڵی حكومه‌ته‌كه‌ى سوودانی موچه‌ی مانگی 1 خه‌رج ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2022-12-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

میدیای دیجیتاڵی
له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی ساڵی 2022 به‌بێ یاسای بودجه‌ و خه‌رجكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌گوێره‌ی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت كه‌ رێگه‌ ده‌دات حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ك له‌سه‌ر 12ی یاسای بودجه‌ی ساڵی پێشو به‌رده‌وام بێت له‌ خه‌رجكردنی موچه‌، به‌ڵام بۆ ساڵی 2023 به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌مساڵدا یاسای بودجه‌ نه‌بوه‌ حكومه‌ت روبه‌ڕوی بۆشایی یاسایی بوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بۆ خه‌رجكردنی موچه‌ی مانگی یه‌كی ساڵی تازه‌ حكومه‌ت پێویستی به‌ بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی ده‌بێت.


قاسم غراوی، شاره‌زایی یاسایی له‌ لێدوانێكدا به‌ سۆمه‌ریه‌نیوزی راگه‌یاندوه‌، بۆ خه‌رجكردنی موچه‌ و به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی بودجه‌ بۆ پڕۆژه‌ گرنگ و پێویسته‌كان، حكومه‌ت پێویستی به‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌، كاركردن به‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی بۆ درێژبكرێته‌وه‌، به‌وهۆكاره‌ش حكومه‌ت ده‌توانێت له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ ساڵی 2023 خه‌رج بكات.


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، مادده‌ی 13 له‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ده‌وڵه‌ت رێگه‌ به‌ حكومه‌ت ده‌دات تا په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی ساڵی تازه‌، یه‌ك له‌سه‌ر 12ی داهات به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ی ساڵی پێشتر بۆ موچه‌ خه‌رج بكات، بۆیه‌ چاودێران باوه‌ڕیانوایه‌ حكومه‌ت ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له‌كاركردن به‌و یاسایه‌.


چاودێرانی سیاسی و یاسایی باوه‌ڕیانوایه‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق مۆڵه‌ت به‌ حكومه‌ت ده‌دات بۆ دوه‌م ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك به‌رده‌وام بێت له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ده‌وڵه‌ت سه‌ره‌ڕای نه‌بونی یاسای بودجه‌ له‌مساڵدا، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی خه‌رجیه‌ پێویستییه‌كان و دروستنه‌بونی قه‌یرانێكی دیكه‌ كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌.