له‌میانی ئاهه‌نگه‌كانی ساڵی نوێدا 30 حاڵه‌تی برینداربوون له‌هه‌ولێر 150 له‌به‌غدا تۆماركراوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

له‌میانى به‌ڕێوه‌چوونى ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵى نوێى 2023 دا، له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێم وبه‌غداى پایته‌ختى عێراق 180 حاڵه‌تى برینداربوونى هاوڵاتیان تۆماركراون.

له‌راگه‌یاندراوێكدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: شه‌وی رابردوو له‌رێگای 10 تیمی پزیشكییه‌وه‌ چاره‌سه‌ری چه‌ند حاڵه‌تێكی برینداربوونی جۆراوجۆر كراوه‌ كه‌له‌میانى ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵدا تۆماركراون.

راشیگه‌یاندوه‌: شه‌وی رابردوو، تیمه‌كانیان پێشوازییان له‌ 30 حاڵه‌تی برینداربوونی جۆراوجۆر كردووه‌ كه‌له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگی ساڵی نوێ برینداربووبوون وپێویستییان به‌چاره‌سه‌ركردن هه‌بووه‌ وچاره‌سه‌ری پێویستییان بۆ ئه‌نجامدراوه‌.

لایخۆیه‌وه‌، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق، سه‌یف به‌در رایگه‌یاند: له‌ئه‌نجامی یارییه‌ ئاگرینییه‌كان له‌میانی ئاهه‌نگه‌كانی شه‌وی سه‌ری ساڵی نوێدا، 150 كه‌س له‌شاری به‌غدا برینداربوون. راشیگه‌یاند: به‌ڵام له‌میانه‌ى ئاهه‌نگه‌كانى سه‌رى ساڵدا، هیچ حاڵه‌تێكی گیانله‌ده‌ستدان تۆمار نه‌كراوه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌سه‌رى ساڵى كۆچیدا رووداوى له‌م شێوه‌یه‌ رووناده‌ن كه‌ له‌شه‌وى سه‌رى ساڵى زایینیدا رووده‌ده‌ن، چونكه‌ ئیسلام بۆ خێرو خۆشى مرۆڤایه‌تى هاتووه‌، ئه‌م یاده‌ى سه‌رى ساڵى كۆچى به‌ عیباده‌ت و جۆره‌ها شێوه‌ى دیكه‌ زیندوو ده‌كرێته‌وه‌.