دیجیتاڵ میدییای سپێده
داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، حەوت ملیار و ٦٠٦ ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەیش بەراورد بە داھاتی مانگی تشرینی دووەمی ھەمان ساڵ، ٦٢٥ ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، ٩٩ ملیۆن و ٨٦٧ ھەزار و ٩٤٦ بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و کۆی گشتیی داھاتەکەیشی گەیشتووەتە، ھەشت ملیار و ٢٣١ ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تیکڕای نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، ١٠٣ ملیۆن و ٢٨١ ھەزار و ٤٥٩ بەرمیل بووە کە کۆی گشتی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ٦٠٦ ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەیش کردووە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ١٠٠ ملیۆن و ٧٣٥ ھەزار و ١٥١ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٢٢٣ ھەزار و ٣٣٨ بەرمیل.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٧٣،٦٤ سەنت فرۆشراوە.