یەدەگی عێراق لە دراوی بیانی گەیشتووەتە 99 ملیار دۆلار

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیایی سپێده‌

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار حەمەد رایگەیاند کە یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی زیادی کردووە و لەئێستادا، گەیشتووەتە ٩٩ ملیار دۆلار.

عەممار حەمەد لە لێداونێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندیی دەستی کردووە بە کارکردن بە سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکیی و گوتی: "کارکردن لەسەر ئەو سەکۆیە زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگی بەردەوام بووە، ئەوەیش بە ئامانجی رێکخستنی پڕۆسەی حەواڵەکردنی دارایی لە دەرەوە و پاڵپشتیکردن لە بازرگانیی دەرەکیی".

راشیگەیاندووە کە سەکۆی ئەلیکترۆنی، تاکە رێگایە بۆ پاڵپشتیکردن لە بازرگانی دەرەکیی و گوتی: "بانکە گشتیی و تایبەتەکان، زانیاری تەواویان لەسەر چۆنیەتی بەکارھێنانی سەکۆ ئەلیکترۆنییەکە ھەیە".

باسی لەوەش کردووە لە رێگای سەکۆ ئەلیکترۆنییەکەوە لە بازرگانی دەرەکیی (بۆ مەبەستی کریدت یان حەواڵەکردنی بەڵگەنامەیی) بە نرخی فەرمی (١٤٦٥) دینار بۆ دۆلارێک دیاریی کراوە و گوتی: "سەکۆ ئەلیکترۆنییەکە، دەرفەتییەکی باشە بۆ بازرگانان، وەبەرھێنان و خاوەن کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتی دارایی بۆ کارەکانیان بەدەست بھێنن".

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، عەممار حەمەد لەبارەی یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی گوتی: "یەدەگی بانکەکەمان لە دراوی بیانی، زیادی کردووە و لەئێستادا، گەیشتووەتە ٩٩ ملیار دۆلار و لە ماوەیەکی کەمدا، بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، دەگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار".

عەممار حەمەد جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بەرزبوونەوەی یەدەگی بانکی ناوەندیی لە دراوی بیانی، ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ جێگیرکردنی نرخی دراوی بیانی بەرامبەربە دینار.

لە ھەشتی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، عومەر عاسم رایگەیاندبوو کە یەدەگی بانکەکەیان لە دراوی بیانی، گەیشتووەتە ٨٢ ملیار دۆلار.