دیجیتاڵ میدیای سپێده
حکوومەتی ژاپۆن تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە ژمارەی تووشبووان بە ئەنفلۆنزای باڵندەی راگەیاند.
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان و سامانی ماسی لە ژاپۆن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە ٥٤ حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە لە ٢٣ ناوچە لەنێویاندا چیبا وفوکۆکا، تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە لە تشرینی یەکەمی رابردوو کە کێڵگەیەکی پەلەوەر لە ناوچەی ئۆکایامای رۆژئاوا کە گۆڕاوی "H5N1" لەسەر نموونەی مریشکی تووشبوو تۆمارکراوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە تاوەکو رۆژی سێشەممە نزیکەی ٧.٧٥ ملیۆن باڵندە لەم وەزەدا لەنێوبردراون.
حکوومەتی خۆجێی لە ناوچەی چیبا رایگەیاند، ئەمڕۆ ژمارەیەک حاڵەتی نوێی تووشبوون لە یەکێک لە کێڵگەکانی پەلەوەر تۆمار کراوە و نزیکەی ١٠ هەزار مریشک لەنێو بردراون.
هاوکات لە کێڵگەیەکی دیکەی پەلەوەر لە ناوچەی فۆکاکا باشووری رۆژئاوای ژاپۆن نزیکەی ٤٣٠ هەزار باڵندە لەنێو بردراون.