لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٨١ دۆلار و ٨١ سەنت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت بۆ ٨٦ دۆلار و ٦٦ سەنت بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ٨٢ دۆلار و یەک سەنت تەواو کرد، بەڵام کاتژمێر ٠٩:٤٠ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،٣٥ دابەزینیان بەخۆوەبینی و نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٨١ دۆلار و ٨١ سەنت.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٦ دۆلار و ٥٩ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خواست وای کردووە، نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا کەمێک داببەزێت. چاوەڕوانییەکان لە ئاساییبوونەوەی رەوشی ئابووری لە جیهاندا، زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا و دووبارە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، وایان کردووە نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خواست زیاتر ببن و ئەمەش فشاری خستووەتە سەر نرخەکان.
سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، کریستینا جۆرجیڤا لە لێدوانێکی رۆژی یەکشەممەیدا هۆشداری لەوەدا کە ٢٠٢٣ ساڵێکی سەخت دەبێت بۆ ئابووری بەشێکی زۆری جیهان، هەربۆیە گەشەی ئابووری سێ زلهێزی جیهان کە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و چین-ن هێواشبوونەوەی بەخۆوەبینیوە.
لە لایەکی دیکەشەوە بڕیارەکەی رووسیا بۆ قەدەغەکردنی فرۆشی نەوت و بەرهەمەکانی بەو وڵاتانەی بەشداری دیاریکردنی بەرزترین ئاستی نرخیان بۆ نەوتی رووسیا کردووە، وای کردووە نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت زیاد بکەن و ئەمەش رێگرە لە دابەزینی زیاتری نرخەکان.
ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٨١ دۆلار و ٩٢ سەنت بۆ ٨٢ دۆلار و ٤٤ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٨١ دۆلار و ٤٠ سەنت بۆ ٨٠ دۆلار و ٨٨ سەنت بمێنێتەوە.