- ئێران وەک کاردانەوەیەک لەهەمبەر بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری عەلی خامنەیی، پەیمانگای توێژینەوەی فەڕەنسیی لە تاران داخست.
تاران بەهۆی بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری "سووکایەتیکردن" بە رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی لە گۆڤاری فەڕەنسیی گاڵتەئامێز، چارلی ئیبدۆ پەیمانگای توێژینەوەی فەڕەنسیی لە تاران داخست.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە "کردەوە شەڕانگێزییەکەی گۆڤارە فەڕەنسییەکەی شەرمەزار کردووە کە سووکایەتی بە دەسەڵاتی سیاسیی و ئایینیی و سیمبولەکانی ئیسلام دەکات" و حکوومەتی فەڕەنساش بەرپرسیارە لەو کارانە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئێران چاو بە پەیوەندییە کولتوورییەکانی لەگەڵ فەڕەنسا دەخشێنێتەوە و وەک یەکەم هەنگاو کە دەگیرێتەبەر کۆتایی بە کار و چالاکییەکانی پەیمانگای توێژینەوەی فەڕەنسیی لە تاران دەهێندرێت.
بە بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە گۆڤارەکە لە ساڵانی رابردوودا بە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری دژبە پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ.) و ئایینی ئیسلام، لەژێر ناوی "ئازادی رادەربڕین" هێرشی کردبووە سەر شکۆی مرۆڤایەتی، بەها ئەخلاقی و ئایینییەکان، هاوکات کاریکاتێری "سووکایەتیکردن" بە رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی-یش درێژەپێدەری کارەکانی پێشووی گۆڤارە فەڕەنسییەکەیە.
گۆڤاری چارلی ئیبدۆ وەکو بەشێک لەو پێشبڕکێیەی کە مانگی رابردوو بۆ پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەستی پێ کردبوو، کاریکاتێری لەسەر رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی بڵاوکردبوویەوە.