عێراق داوای پاره‌ی 17 ساڵی بایعی له‌هه‌رێم ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاشكراى ده‌كات كه‌ كۆمپانیای بازرگانی خۆراكی عێراق سكاڵای له‌سه‌ر وه‌زیری بازرگانی هه‌رێم تۆماركردووه‌و داوای پاره‌ی 17 ساڵی مانگانه‌ی به‌شه‌خۆراكی هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌كات كه‌ نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق.

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى ئه‌نجه‌ومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ لاپه‌ڕه‌ى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ عێراق داوای پاره‌ی 17 ساڵی به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى هاوڵاتیان له‌هه‌رێم ده‌كات، واته‌ ئه‌و پاره‌ی كه‌له‌به‌رامبه‌ر بایعی مانگانه‌ له‌هاوڵاتی وه‌رده‌گیرێ، ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق كه‌ هه‌رێم له‌ ساڵى 2004 ه‌وه‌ تاوه‌كو 2021 ئه‌و پاره‌یه‌ی نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو كه‌ وابڕیاره‌ دادگای فیدراڵی 9/1/2023 كه‌ ده‌كاته‌ دوو شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌سه‌ر ئه‌م سكاڵایه‌ كۆببێه‌وه‌ بۆ بڕیاردان.