دیجیتاڵ میدیایی سپێده
یاریدەدەری راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لاورا کۆپەر رایگەیاند، دەیانەوێت بە پاکێجی نوێی هاوکارییەکان کە زرێپۆشی جەنگیی جۆری برادلیی و مووشهكی دژهتانكی جۆری TOW لەخۆدەگرێت، داینامیکی شەڕ لە ئۆکرانیا بگۆڕن.
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاند کە بە بڕی سێ ملیار و 75 ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازیی پێشکەش بە ئئۆکرانیا دەکەن، پێنتاگۆن وردەکارییەکانی ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە بڕیارە دابینی بکەن، ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی پێنتاگۆن، ٥٠ زرێپۆشی جەنگیی جۆری برادلیی، ٥٠٠ مووشەکی دژەتانکی جۆری TOW و ٢٥٠ هەزار گوللەتۆپی ٢٥ ملیمەتریی لە کۆگاکانی سوپای ئەمریکاوە بۆ ئۆکراینا دابین دەکرێت.
جگە لەمانە پاکێجەکە ئەم چەک و کەرەستانەی خوارەوە لە خۆدەگرێت: "١٠٠ زرێپۆشی گوللەنەبڕی M113، ٥٥ ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆری MRAP، ١٣٨ ئۆتۆمبێلی توانا بەرز کە بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردێت، ١٨ تۆپهاوێژى بە بزوێنەرى ١٥٥ ملیمەتریی، ١٨ ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەقەمەنی، ٧٠ هەزار گوللەتۆپی ١٥٥ ملیمەتریی، ٥٠٠ دانە گوللەتۆپی هەستیاری ١٥٥ ملیمەتری، هەزار و ٢٠٠ دانە مینی ١٥٥ ملیمەتری، ٣٦ تۆپهاوێژى راکێشراوی ١٠٥ ملیمەتریی، ٩٥ هەزار گوللەتۆپی ١٠٥ ملیمەتریی، ١٠ هەزار گوللەهاوەنی ١٢٠ ملیمەتریی، تەقەمەنی زیادە بۆ سیستەمی HIMARS، مووشەکی RIM-7 بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، چوار هەزار مووشەکی فڕۆکەی زونی، نزیکەی دوو هەزار مووشەکی دژەزرێپۆش، تفەنگی نیشانشکێن، دۆشکە، هەڵدەری نارنجۆک، ئامێری شەوبین و چەندین کەلوپەلی سەربازیی دیکە".
یاریدەدەری راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لاورا کۆپەر لەبارەی پاکێجە نوێیەکەوە، رایگەیاند "شەڕی ئۆکراینا لە قۆناغێکی مەترسیداردایە و پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینییەکان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی رووسیا".
کۆپەر رایگەیاند کە پاکێجی نوێی هاوکارییەکان گەورەترین پاکێجە کە تا ئێستا ئەمریکا بەخشیوویەتی و ئەمە گرنگی ئۆکراینا بۆ ئەمریکا پشتڕاست دەکاتەوە.
بە پێچەوانەی پاکێجەکانی پێشووتر، ئەمریکا لەم پاکێجەدا زرێپۆشی جەنگیی جۆری برادلیی دەبەخشێتە ئۆکراینا، ئەمەش ئەو پرسیارانەی وروژاند کە سوپای ئۆکراینا خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئامادە دەکات.
کۆپەر لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە ئەم زرێپۆشانە بە ئۆکراینا بدەین و ئۆکراینا سوود لەم توانایە وەربگرێت بۆ گۆڕینی داینامیکی شەڕ".
ناوبراو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی مەبەستیان لە گۆڕینی داینامیکی شەڕەکە چییە، گوتی کە مەبەستیان ئەوەیە شانبەشانی تۆپهاوێژەکان ئەو ناوچانە وەربگرنەوە کە رووسەکان دەستیان بەسەردا گرتوون. راشیگەیاند کە زرێپۆشی جەنگیی جۆری برادلی دەتوانێت تەنانەت بەرگەی بەهێزترین زرێپۆشەکانی رووسەکان بگرێت.
لاورا کۆپەر جەختیشی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی سوپای ئۆکراینا بە شێوەیەک کە بتوانێت پێشکەوتن بەدەست بهێنێت و خاکی ئۆکراینا وەربگرێتەوە کە رووسیا دەستی بەسەردا گرتووە