ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕایگەیاند، هەر گەلێك شوناسی ئەخلاقی و كلتوری كەوتە مەترسیەوە، ئەوا پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیشی لە دەست دەدات
ئەمڕۆ شەممە 7-1-2023، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەگەڵ کادرانی مەڵبەندی شەشی كەركوكی یەكگرتووی ئیسلامیی كۆبویەوەو دەستخۆشی لەبرایان و خوشكانی كەركوك كرد كە ڕۆڵێكی جوانی پەیامدارانە دەبینن و لە شاری كەركوك نمونەی گیانی بەیەكەوە ژیان و نوێنەرایەتی جوانی پرۆژەی ئیسلامیی دەكەن و كەركوكیەكان شیاوی خزمەتی زۆرترن لەسەر شادەماری ئابوری عێراقن كە نەوتە، بەڵام بەداخەوە خزمەتكردنیان لەئاستی خەڵكە تێكۆشەرەكەی نییە.
هەر لەو دیدارەدا، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ڕایگەیاند: یەكگرتووەكان پارێزەری شوناس و كلتوری ڕەسەنی كوردەوارین و شانازی بەو ئەركەوە دەكەین و كاركردن بۆ شوناسی گەلەكەمان ئەركی هەموومانە، لەدیدی ئێمە هەر گەلێك شوناسی ئەخلاقی و كلتوری كەوتە مەترسیەوە ئەوا پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانیشی لە دەست دەدات، نەتەوە بە شوناسەوە نەتەوەیە، پرۆسەی پەروەردەو پێگەیاندن لە ئەركە لەپێشینەكانی قۆناغەكەیە، چونكە مرۆڤسازی ئەركێكی گەورەیە.
لەكۆتای دیدارەكەدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە: ستراتیژیەتی یەكگرتوو خزمەتی گەلی خۆیەتی بە مەنهەجیەتی میانڕەوی ئیسلامیی، داكۆكی لەخەڵكی گەلی خۆمان دەكەین و وادەزانین دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر كەمتەرخەمن بەرانبەر خەمەكانی گەل و نیشتیمان، زۆر دەسكەوتی گەورەی نیشتیمانیان لەدەستدا.