دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند کە ژمارەیەک پرۆژە بە گوژمەی ٣٦٠ ملیۆن یورۆ وەک یارمەتی بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی پاکستان جێبەجێ دەکەن، ئەوەیش دوای ئەو لافاوەی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە ئەنجامی باران بارینی بەخۆر ئەو وڵاتەی گرتەوە.
تۆڕی "Euronews" کە بارەگاکەی لە فەڕنسایە بڵاوی کردەوە کە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و پاکستانەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە بە ئامانجی کۆکردنەوەی پارەی پێویست بۆ ئەوەی لە ئاسەواری لافاوە وێرانکەرەکان رزگاری بێت سازکراوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە میانی کردنەوەی کۆنگرەکەدا رایگەیاند "بڕیارمانداوە ژمارەیەک پرۆژە بە گوژمەی ٣٦٠ ملیۆن یورۆ لە پاکستان جێبەجێ بکەین کە دەبنە مایەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە کە دواتر لەگەڵ گۆڕانی ئاووهەوادا، پەرەی پێ دەدەین".
ئیمانوێل ماکرۆن جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە فەڕەنسا، ١٠ ملیۆن یورۆی دیکە وەک یارمەتی لەناکاو دەبەخشێت.