یه‌كێتی ئه‌وروپا بانگه‌وازی راگرتنی سزای له‌سێداره‌دانی دایه‌ ده‌ست باڵیۆزی ئێران

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

دوای ئه‌و سزایانه‌ی كه‌په‌یوه‌ست به‌خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ له‌وڵاته‌كه‌ جێبه‌جێ كرا، یه‌كێتی ئه‌وروپا بانگه‌وازێكی سه‌باره‌ت به‌راگرتنی سزای له‌سێداره‌دانی راده‌ستی باڵیۆزی ئێران له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا، حوسێن ده‌هقانی كرد.

سكرتێری گشتی ئاژانسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ستیفانۆ سانینۆ بانگهێشتی باڵیۆزه‌كه‌ی ئێرانی كرد وبه‌ناوی نوێنه‌ری باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌كی وكاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێل-وه‌ سه‌رسوڕمانی یه‌كێتی ئه‌وروپای ده‌رباره‌ی له‌سێداره‌دانی محه‌مه‌د مه‌هدی كه‌ریمی وسه‌ید محه‌مه‌د حوسه‌ینی له‌ 7ـی كانوونی دووه‌م له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی وڵاته‌كه‌ راگه‌یاند.

له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئێران بانگه‌وازی یه‌كێتی ئه‌وروپای سه‌باره‌ت به‌راگرتنی سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌.

سانینۆ، راشیگه‌یاند: یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌هه‌موو دۆخێكدا له‌دژی سزای كوشتنه‌ و رایگه‌یاند: یه‌كێتی ئه‌وروپا و وڵاتانی ئه‌ندام له‌دژی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئێرانن.

رۆژی 13ـی ئه‌یلوول، پۆلیسی ره‌وشت، به‌پاساوی پابه‌ندنه‌بوون به‌یاساكانی جلوبه‌رگی ئیسلامی، مه‌هسا ئه‌مینی ته‌مه‌ن 22 ساڵانی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد، دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنیشی رۆژی 16ـی ئه‌یلوول، ئه‌مینی له‌نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌م رووداوه‌ش شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایی به‌دوای خۆیدا هێنا.

له‌دوای خۆپیشاندانه‌كان ده‌یان كه‌س دادگایی كراون وبه‌له‌سێداره‌دان سزادران. موحسین شیكاری، ومه‌جید ره‌زا راهنه‌وه‌ردی، محه‌مه‌د مه‌هدی كه‌ره‌می و سه‌ید محه‌مه‌د حوسێنی سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كرا.