خۆپیشاندانەکانی پێرو کوژرانی ١٤کەسی دیکەی لێکەوتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرکۆماری پێرو، دینا بۆلوارتێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن ١٤ کەسی دیکە کوژران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاوکراونەتەوە، ئەو خۆپیشاندەرانەی لە شاری خولیاکا باشووری ئەو وڵاتە گردبووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

بریکاری نووسینگەی سکاڵاپرس، ئەلیانا رێڤۆڵار بە کەناڵی "Kanal N" راگەیاند کە لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەکەدا، ١٤ کەس کوژراون.

بەم جۆرە لە دەسپێکی خۆپیشاندانەکانەوە لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ تاکوو ئێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ ٤٣ کەس.

کۆنگرێسی پێرو لە حەوتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بەتۆمەتی "کەموکوڕی ئاکاریی" سەرکۆماری پێشوو، پێدرۆ کاستیلۆ-ی لەکار لادا. دوای ئەوەی پێدرۆ کاستیلۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرێس و دامەزراندنی حکوومەتی دۆخی لەناکاوی نیشتمانیی دا، ئەمەیش خۆپیشاندانی لەسەرتاسەری ئەم وڵاتە بە دوای خۆیدا هێنا.