دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە وێستگەی شەمەندەفەری باکووری پاریس، کەسێک بەچەقۆ هێرشی کردە سەر هاووڵاتییان و لە ئاکامدا، شەش کەس برینداربوون کە یەکێکیان پۆلیسە.
راگەیاندنی تایبەت بە هۆکارەکانی گواستنەوەی ناوچەی ئاوت دو فرانس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە کاتژمێر 8:45ی بەیانی، کەسێک لە وێستگەی شەمەندەفەری باکوور، بەچەقۆ هێرشی کردووەتە سەر رێبوارانی وێستگەکە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە هێرشەکەدا، شەش کەس برینداربوون کە یەکێکیان پۆلیسە، هێزە ئەمنییەکانیش دەستڕێژی گولـلەیان لە کەسێک کردووە کە گومان دەکرێت پەلاماردەرەکە بووبێت و بەبرینداری دەستگیرییان کردووە.
دواتر پەلاماردەرەکە و بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە و رەوشی تەندروستی یەکێک لە بریندارەکانیش ناجێگیرە.
بەهۆی رووداوەکەشەوە بۆ ماوەیەک گەشتی شەمەندەفەرەکان وەستان.
لە لایەکی دیکەشەوە سەرۆکایەتی داواکاریی گشتیی پاریس لە چوارچێوەی "هەوڵدان بۆ کوشتن" لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکە دەست پێ کرد.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جێراڵد دارمانان لە شوێنی رووداوەکە لێدوانی دا و ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوو پۆلیس لەڕێی تەقەکردن لە گومانلێکراوەکە توانیویانە بەبرینداری دەستگیری بکەن.
جێراڵد دارمانان باسی لەوەش کرد کە یەکێک لە بریندارەکان، پۆلیسی سنوور بووە.