یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ ئەرکی کاری هاوبەشیان دەستپێکرد

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ، بۆ دیاریکردنی هەڕەشەکان لەسەر ژێرخان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، هێزێکی ئەرکی کاری هاوبەشیان دەستپێکرد.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین و سکرتێری گشتی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ، بەر لە بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا دەربارەی پرسی ئاسایش و بەگری، لێدوانیان بۆ رۆژنامەنووسان دا.

ڤۆن دێر لاین ئاشکرا کرد کە پسپۆڕانی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ، هەڕەشەکانی سەر ژێرخان و ئەو بوارانەی لە رووی ستراتیجییەوە زیانیان پێگەیشتووە، دیاریی دەکەن، بۆ چارەسەرکردنیشیان هێزێکی ئەرکی هاوبەشیان پێکهێناوە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئاماژەی بەوەشدا کە پسپۆڕان لە قۆناغی یەکەمدا، سەرنج دەخەنە سەر بوارەکانی گەیاندن، وزە، بەدیجیتاڵبوون و بۆشایی ئاسمان، ئەو ئەنجامانەی کە لەم بوارانەدا بەدەستی دەهێنن، ئەوا لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ، گفتوگۆی لەسەر دەکەن، هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە ئاڵوگۆڕی زانیاری، پسپۆڕی و هۆشدارییدانی پێشوەخت لە بنەماکانی هاوبەشییەکە دەبن.

ناوبراو، باسی لەوەشکرد کە لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی ئاسایش و بەرگری، پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لە هەموو بوارەکان و هەڕەشەکانی سەر ئەورووپا، تاووتوێ دەکرێن.

لای خۆشییەوە ستۆڵتێنبێرگ، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دوێنێ سێشەممە، ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان واژوو کردووە بۆ ئەوەی هەماهەنگییەکانی نێوانیان بگەیەننە ئاستێکی بەرەوپێشتر، هەروەها لە بوارەکانی وەک ململانێی جیۆپۆلەتیکی، ئەو تەکنەلۆجیایانەی هەڕەشە لە ئاسایش دەکەن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاسایش، پێکەوە کار دەکەن.

ستۆڵتێنبێرگ، جەختی لەوەش کردەوە کە هێزی هاوبەشی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپا کە ئەمڕۆ دەستبەکاربوو، ئامانجییەتی ژێرخان و تەکنەلۆجیا، دژ بە هەڕەشەکانی سەر بازاڕ بەهێزتر بکات و باسیشی لە گرنگی هاوکاریکردنی ئۆکراینا کرد.

ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو کە بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیان لە بڕیارەکەی ئەمریکا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا کردووە بۆ پێدانی تانک و چەکی سووک بە ئۆکراینا.