جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران، عەلی رەزا ئەكبەری بە تاوانی سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی میزان سەربە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، عەلی رەزا ئەكبەری ماوەیەك پێش ئێستا بە تاوانی سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا دەستگیركراوە و خراوەتە زیندانەوە.
ئەكبەری لەو ماوەیەدا دۆسیەیەك لە دژی كراوەتەوە، بە تاوانی "سیخوڕی كردن" دادگایی كرا و لەلایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا. دوای تانەگرتنی گومانلێكراوەكە لە بڕیارەكە، دادگای باڵا سەرلەنوێ لە دۆسیەكەی كۆڵییەوە و تانەگرتنەكەی رەتكردەوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەكبەری پەسەند كرد.
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی ئیتیڵاعاتی ئێران رایگەیاند، ئەوەیان دەستنیشان كردووە ئەكبەری زانیاری ناوەندە هەستیار و ستراتیژییەكانی ئێرانی بۆ ئاژانسی هەواڵگریی نهێنیی بەریتانیا "MI6" ناردووە.
عەلی رەزا ئەكبەری لە نێوان ساڵانی 1997-2005 لە سەردەمی سەركۆماری پێشووی ئێران، محەمەد خاتەمی جێگری وەزیری بەرگریی ئێران بوو.
هەرچەندە زانیاری لەسەر كاتی دەستگیركردنی ئەكبەری كە دەگوترێ خاوەنی هەردوو رەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانییە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام میدیاكانی وڵاتەكە ئاماژە بەوە دەكەن، كە لە نێوان ساڵانی 2019-2020 بە تاوانی سیخرڕیكردن بۆ MI6 دەستگیركرابێت.