لەسێدارەدانی یەکێک لە سزادراوەکانی ئێران هەڵپەسێردرا

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی دەستگیرکراوێکی خۆپیشاندانەکانی تاران، تا کاتی دەرکردنی بڕیاری دووبارە دادگایی کردنەوەی ناوبراو، هەڵپەسێردرا.
سزادراوێکی ئێرانی کە بە بریندارکردنی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان لە میانی خۆپیشاندانەکان و سووتاندنی بینایەکی گشتی، تۆمەتبار کرابوو و بەتاوانی "هەڵگیرساندنی شەڕ دژبە حکوومەت" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرابوو، سزاکەی هەڵپەسێردرا.

ئاژانسی هەواڵیی میزانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدانی محمەد بوروغنی و دووبارە دادگاییکردنەوەی ناوبراوی راگەیاند.

بەم شێوەیەش جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی محەمەد بوروغنی، تا کاتی دەرکردنی بڕیاری دادگای باڵای ئێران لە بارەی دووبارە دادگاییکردنەوەی ناوبراو، هەڵپەسێردرا.

محەمەد بوروغنی لە میانی خۆپیشاندەکانی تاران، دەستگیر کرابوو و بە "هێرشکردنە سەر کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی کوشتن و بریندارکردنی"، "تێکدانی ئاسایشی گشتی"، "بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین" و "سوتاندنی بینایەکی گشتیی"، تۆمەتبار کرابوو، رۆژی ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بەتاوانی "هەڵگیرساندنی شەڕ دژبە حکوومەت"، سزای لەسێدارەدانی بۆدەرکرا و سزاکەشی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.