دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیی لە پەرلەمانی ئێران، شەهریار حەیدەری راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی Su-35ی رووسی کە ئێران داوای کردوون، دوای سێ مانگی دیکە رادەست دەکرێن.
شەهریار حەیدەری بە ئاژانسی هەواڵیی Tesnimی راگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی Su-35ی رووسی کە ئێران داوای کردوون لە سەرەتای ساڵی داهاتوو (بەپێی رێککەوتی ساڵی کۆچی هەتاوی ساڵی نوێ لە ٢١ی ئادارەوە دەست پێ دەکات) دەگەنە وڵات".
ناوبراو سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە بەشێکی گرنگی ئەو سیستەمە بەرگری، مووشەک و هێلیکۆپتەرانەی ئێران داوای کردوون، لەم نزیکانە رادەستی ئێران دەکرێن.
پێشتر دەنگۆی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی Su-30ی رووسی لەلایەن ئێران بڵاو کرایەوە، بەڵام فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی سوپای پاسداران، حەمید واحیدی لە ئەیلوولی رابردوو رایگەیاند: "Su-35 لە رووسیا دەکڕین، بەڵام لە بەرنامەماندا نییە Su-30 بکڕین".