سەرۆکی حکومەت یەکێتی بە دیارنەمانی داهاتی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبار دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

له‌ په‌یامێكدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: نزیکەی دوو ساڵە، کێشەی کۆکردنەوەی داهات و نەمانی پارە لە بانکەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین هەیە. بەدواداچوونی ئەم کێشەیەمان کردووە و لێژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و ناوخۆ، بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشەیە پێکهێنرا، بەڵام کرۆکی ئەم کێشەیە ئەوەیە، کە هەندێک کەس و لایەن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە، بۆیە هەر ئەو کەس و لایەنانە بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی حکومەت دەگات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، شەفافییەت ئەوەیە کە حکومەت، خۆی چاودێری لە سەر کۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات، نەک بە تەنیا ئاگاداری ئەو بەشە بێت کە بۆ حکومەت جیا دەکرێتەوە. لە سەرەتای ئەم کابینەیە، هەوڵمان داوە داهاتەکانی هەرێم ڕێکبخەینەوە و تا ئاستێکی باشیش سەرکەوتوو بووین و هەر بەو هۆیەوە، توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتیی لە سەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنادا تێپەڕێنین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ماوەیەکە لە لایەن دامودەزگاکانی یەکێتيی نیشتیمانيی کوردستانەوە، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، وا باس دەکرێت کە ئابڵوقە لە سەر سنووری سلێمانی هەیە، هەموو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتووە، بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و مووچەی کارمەندانی پێ دراوە، ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە بووە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بووە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە، بەڵام بەداخەوە، ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ڕاپەرین ڕێک بخرێتەوە، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروست بووە.

ووتیشی: ئەگەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانمان، لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی دابنرێت، ئەوا چارەسەریی ئەم دۆخەش ئاسانە و پلان و بەرنامەی کارامان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەنگاوی باشیشمان نابوو بۆ چارەسەری، بەڵام بەداخەوە ڕێگری کرا لە جێبەجێکردنی و دواتریش کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ئەو پرۆسانەی بە تەواوی پەک خست.

ده‌قی پەیامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

هاووڵاتییانی خۆشەویست،

من و کابینەکەم لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئێوەی خۆشەویست سوێندمان خواردووە کە کار بکەین بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان و پاراستنی کیانی دەستووریی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە، وا ڕێککەوتین کە شوێنەواری دوو ئیدارەیی بسڕێتەوە و بڕیارەکانی حکومەت، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بە یەک شێوە جێبەجێ بکرێن.

نابێت لە هیچ بەشێکی هەرێمی کوردستاندا، بڕیاری حیزبی یان تاکەکەسی، ڕێگە لە جێبەجێکردنی کار و بەرنامەی حکومەت بگرێت. من بە یەکسانی، سەیری سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەکەم و خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەموو هاووڵاتیانی هەرێم لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا. بەڵام بەداخەوە، ڕێگری کراوە و کۆسپ بۆ حکومەتی هەرێم دروست کراوە، کە ئەمەش زیانی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیيانمان گەیاندووە.

نزیکەی دوو ساڵە، کێشەی کۆکردنەوەی داهات و نەمانی پارە لە بانکەکانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین هەیە. بەدواداچوونی ئەم کێشەیەمان کردووە و لێژنەیەک لە وەزارەتی دارایی و ناوخۆ، بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشەیە پێکهێنرا، بەڵام کرۆکی ئەم کێشەیە ئەوەیە، کە هەندێک کەس و لایەن لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە، بۆیە هەر ئەو کەس و لایەنانە بەرپرسیارن لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بە هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی حکومەت دەگات.

شەفافییەت ئەوەیە کە حکومەت، خۆی چاودێری لە سەر کۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات، نەک بە تەنیا ئاگاداری ئەو بەشە بێت کە بۆ حکومەت جیا دەکرێتەوە. لە سەرەتای ئەم کابینەیە، هەوڵمان داوە داهاتەکانی هەرێم ڕێکبخەینەوە و تا ئاستێکی باشیش سەرکەوتوو بووین و هەر بەو هۆیەوە، توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتیی لە سەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنادا تێپەڕێنین.

هاووڵاتییانی بەڕێز،

ماوەیەکە لە لایەن دامودەزگاکانی یەکێتيی نیشتیمانيی کوردستانەوە، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، وا باس دەکرێت کە ئابڵوقە لە سەر سنووری سلێمانی هەیە، هەموو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت و هەروەها ئەو بەشە بودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتووە، بە شێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە و مووچەی کارمەندانی پێ دراوە، ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە بووە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بووە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە، بەڵام بەداخەوە، ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە و ڕاپەرین ڕێک بخرێتەوە، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروست بووە.

ئەگەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانمان، لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی دابنرێت، ئەوا چارەسەریی ئەم دۆخەش ئاسانە و پلان و بەرنامەی کارامان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەنگاوی باشیشمان نابوو بۆ چارەسەری، بەڵام بەداخەوە ڕێگری کرا لە جێبەجێکردنی و دواتریش کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ئەو پرۆسانەی بە تەواوی پەک خست.

کێشە داراییەکان و بابەتی کۆکردنەوەی داهات، نزیکەی دوو ساڵە هەیە و دەیان کۆبوونەوە لە سەر ئەم بابەتە کراون و بەرچاوڕوونیی باش هەبووە بۆ چارەسەری. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەیە بۆ ناردنی هێزی هاوبەش بۆ دەروازە سنووریەکان، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی ڕێگر بوو و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر ئەوە بکرێت شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات، بۆیە لەم کاتەدا، زەقکردنەوەی ئەم بابەتە، تەنیا بۆ ئەوە بووە تیشک نەخرێتە سەر بابەتی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، هێمای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و تۆقاندن بوونە و ناکرێت لە ناوخۆی هەرێم، کەسانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان دەست بۆ تیرۆر ببەن.

لەم کەیسەدا، هیچ لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە، تەنیا ناوی چەند کەسێکی تۆمەتبار هەیە کە دەبێت ڕادەستی دادگا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، بە فەرمی نووسراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە سلێمانی کراوە. هەر لە سەرەتاوە، گوتوومانە با لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش هەبێت و با لایەنی سێێەم، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەشداری لە لێکۆلینەوەکە بکەن، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستا وەڵامێک بۆ ئەم داواکارییە نیە. کەواتە کێشە داهات و دۆخی دارایی سلێمانی نیە، ئەوەی کە هەیە ئەوەیە، داوامان لێ دەکرێت کەیسی تیرۆری هاوکار جاف کپ بکرێت کە ئەمەشیان داواکارییەکی ناڕەوایە و نابێت هاووڵاتیيانی هەرێم قبولی بکەن.

دۆخی ناوچەکە لێمان دەخوازێت کە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و بەهێزەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین . لێرەدا لە پیناو بەرژەوەندیی گشتی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە، دەخەمە بەردەم ڕای گشتی و هەموو لایەنەکان:

یەکەم: لە بارەی کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف کە هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە، داوا دەکەم، سەرەتا تۆمەتباران ڕادەستی دادگا بکرێن و ئینجا با لێژنەیەکی هاوبەش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان و یان هەر وڵاتێکی دۆست کە بخوازێت بەشدار ببێت، پێک بهێنرێت، تاکو هەرچی زووتر لیکۆڵینەوە لەگەڵیان دەست پێ بکرێت و ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.

دووەم: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، داوا دەکرا بابەتی لامەرکەزییەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە داهات و خەرجی جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەو دەسەڵاتە شۆڕکرایەوە. ئێستا لە لایەن تیمی وزاریی یەکێتيی نیشتمانيی كوردستانەوە، داوا دەکرێت خەرجییەکان بکرێتەوە مەرکەزی، ئەگەر ئەمە داوا دەکرێت، پێویستە کۆکردنەوەی داهاتیش بکرێتەوە مەرکەزی و پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات بە تایبەت لە خاڵە سنووریەکان، لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری چڕی مەرکەزی بێت. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە هاوئاهەنگیی لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە هەبێت تاکو ڕێگە لە قاچاخچێتی و دەستبردن بۆ داهاتی دەروازە سنووریەکان بگیرێت و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر پێویستە.

سێیەم: پێویستە کۆسپ بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دروست نەکرێت. لەم کابینەیەدا، بە کردەوە هەنگاومان بۆ چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەیان ناوە و دەبێت هێزی پێشمەرگە، ببێت بە هێزێکی نیشتیمانیی بەهێز بۆ بەرگری لە کیانی دەستووریی هەرێم و دوورخستنەوەی هەڕەشەکان، دوور لە ئەجێندای حیزبی و تاکەکەسی.

چوارەم: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم، پێویستە هەرچی زووتر، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ساز بکات بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن ، تاکو بە کردەوە، هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت و پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت و ئێمە لە حکومەتی هەرێم، ئامادەین هەموو پێداویستیيەکانی هەڵبژاردن، لە زووترین کاتدا دابین بکەین.

پێنجەم: دەبێت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، وەک حیزب، پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بن و نابێت لە ناو حکومەت بن و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەکانیش، جێبەجێکاری ئەجێندای حکومی بن و نابێت کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بگوازنە ناو حکومەت. دەبێت کێشە سیاسییەکان، لە دەرەوەی حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت نەک کاری حکومەت پەک بخەن.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2023/1/15