سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە خەبات دەکەن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان دەستەبەر بکەنەوە و ئەو خاکەی ئۆکراینا کە رووسیا کۆنترۆڵی کردووە، وەربگرنەوە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامی ڤیدیۆیی رۆژانەییدا کە شەوی رابردوو بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بە بەردەوامی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کرد.
سەرۆکی ئۆکراینا بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای رووسیا ئامادەکاری بۆ هەوڵێکی نوێی داگیرکاریی دەکات و گوتی: "هەموو شەو و رۆژێک ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین بۆ کەمکردنەوەی توانای دوژمن".
زێلێنسکی داوای لە وڵاتانی هاوبەش کرد، هاوکاری ئۆکراینا بکەن لە رووی چەکەوە و گوتی: "ئەمڕۆ بەریتانیا بووە نموونەیەکی جوان. پاکێجێکی نوێی بەرگریی راگەیاند. ئەو شتانەی کە پێویستمانە. تانک و زرێپۆشی دیکە و تۆپهاوێژ".
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد کە خەبات دەکەن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان دەستەبەر بکەنەوە و گوتی: "دڵنیام ئاڵای ئۆکراینا دەگەڕێتەوە بۆسەر فڕۆکەخانەی دۆنێتسک، دۆنێتسک و شار و گوندەکانی دیکەی دۆنباس-مان و ناوچەکانی دیکە کە بەشێوەیەکی کاتیی داگیرکراون. ئۆکراینا ئەوەی هی خۆیەتی وەریدەگرێتەوە".