لە زستانی ئەمساڵدا 45 ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر لە هێرات رۆژئاوای ئەفغانستان رەقبوونەتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

لە ویلایەتی هێرات رۆژئاوای ئەفغانستان لە دەستپێکی وەرزی زستانەوە تا ئێستا، ٤٥ ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر کە لەسەر شەقامەکان ژیاون، بەهۆی سەرماوە رەقبوونەتەوە.

بەڕێوبەری هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هێرات، حەیاتوڵڵا روحانی دەربارەی ئەم بابەتە لێدوانی بۆ راگەیاندنەکان دا و گوتی: "لە هاتنی سەرماوە تا ئێستا، ٤٥ ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر گیانیان لەدەستداوە. قۆناغی کۆکردنەوەی کەسانی ئالودەبوو، دەستی پێ کردووە".

حەیاتوڵڵا روحانی ئاماژەی بەوەش دا کە لەنێو ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەردا، کەسانێک هەن کە لە ویلایەتەکانی دیکەوە هاتوونەتە هێرات و لەوێ دەستیان بە ژیان کردووە، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ ئالودەبوویان لەسەر شەقامەکان کۆکردووەتەوە و بردویاننەتە کەمپەکانی وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە تەواوی ویلایەتی هێراتدا، نزیکەی ٧٠ هەزار ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر هەن کە زۆربەیان لەسەر شەقامەکان دەژین.

لە لایەکی دیکەشەوە لە چەند رۆژی رابردوودا، ٢٤ کەس لە سەرتاسەری ئەفغانستان بەهۆی سەرماوە رەقبوونەتەوە کە ژمارەیەک ئالودەبووی ماددەی هۆشبەریشیان لەنێودایە، ئەگەریش هەیە لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان ژمارەکە لەوە زیاتربێت.

بەهۆی قەیرانی ئابووریی لە ئەفغانستان، کەسانێکی زۆر ناتوانن لە وەرزی زستاندا دار و خەڵووز بکڕن.

هەروەها بەهۆی نالەباری رەوشی کەشوهەواوە، رێگاکانی هاتوچۆ لە وەرزی زستاندا دووچاری گرفت دەبن و ئەمەش ئاستەنگی زۆر بۆ رێکخراوە خێرخوازییەکان دروست دەکات تا هاوکارییەکانیان بگەیەننە خێزانە لێقەوماوەکان.