یەکێتیی ئەورووپا: "هەموو بژاردەکانی تایبەت بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا تاوتوێ دەکەین"

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرس لە دادپەروەریی، دیدییە رایندەرز ئەوەی خستەڕوو کە یەکێتییەکە دژ بەو پێشێلکارییانەی لە ئێران ئەنجام دەدرێن، گفتوگۆی لەسەر کۆمەڵێک سزای نوێ کردووە کە بەئامانجگرتنی سوپای پاسدارانیشی لەنێودایە.

دیدییە رایندەرز لە میانی دانیشتنێکی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپادا، گوتارێکی دەربارەی رەوشی ئێستای ئێران پێشکەش کرد.

ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرس لە دادپەروەریی جارێکی دیکە سەرکۆنەی لەسێدارەدانی جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران، عەلی رەزا ئەکبەری کرد کە هەڵگری رەگەزنامەی ئێران و بەریتانیا بوو و بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا لەسێدارەدرا، گوتیشی: "نیگەرانییەکان لە رەوشی ناوخۆی ئێران، بەردەوامن".

دیدییە رایندەرز ئەوەشی راگەیاند کە "یەکێتیی ئەورووپا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو رووداوانەی لە ئێران روودەدەن، هەموو بژاردەکان تاوتوێ دەکات".

ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرس لە دادپەروەریی، دیدییە رایندەرز ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێتیی ئەورووپا، کۆمەڵێک سزای نوێی تاوتوێ کردووە کە بە ئامانجگرتنی سوپای پاسدارانیش یەکێکە لە سزاکان، ئاماژەی بەوەش دا کە لەهەمان کاتدا لە رێی هەموو کەناڵەکانی پەیوەندییەوە دروستکردنی گفتوگۆ، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بەردەوامە.

رایندەرز باسیشی لە پرسی رادەستکردنەوەی هاووڵاتییەکی بەلجیکی کرد کە بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن، سپیکردنەوەی پارە و قاچاغچێتی دراو" لە ئێران دادگایی کراوە و سزای ٤٠ ساڵ زیندانی بۆدەرکراوە و رایگەیاند: "لەم جۆرە بابەتانەدا لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا پێکەوە کار دەکەین".

ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرس لە دادپەروەریی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەورووپاییانە دووپات کردەوە کە لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەرن و گوتی: "بەرپرسانی ئێران، بە ئارەزووی خۆیان هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپا، دەستبەسەر دەکەن، ئەمەش مایەی نیگەرانییە و شتێکی قبوڵ نەکراوە، بەردەوامیش کاردانەوەی خۆمان لەهەمبەر بەم کارە خستووەتەڕوو".

یەکێتیی ئەورووپا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ئەوەی خستبووەڕوو کە ٢٤ کەس و پێنج دامەزراوەی ئێرانیان بۆ لیستی سزادراوەکان زیاد کردووە، بەم شێوەیەش ئەو کەس و لایەنانە سەرجەم سامانەکانیان لە ئەورووپا بلۆک دەکرێت و رێگریش لەوە دەکرێت کە هەر هاووڵاتی و کۆمپانیایەکی ئەورووپی سندوقی هاوکارییان بۆ دەستەبەر بکات، هەروەها سەردانی ئەو کەسانە بۆ خاکی یەکێتیی ئەورووپا، تەنانەت تێپەڕینیشیان بە یەکێتییەکەدا قەدەغە دەکرێت.