یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-01-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دوێنێ شەو 18ی1ی2023 لە رێگەی نسێبینی سەر هێڕش کرایە سەر چەند هاوڵاتیەکی شاری دهۆک و بەداخەوە لە ئەنجامدا پێنج کەس شەهید بوون، بەو بۆنەوە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پرسەنامەیەکی هاوخەمی ئاراستەی ماڵباتی شەهیدان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


دوێنێ شەو لە سنووری نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین لە وڵاتی تورکیا، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە دواجار هەر پێنج هاونیشتمانیەکە کە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر چوونە تورکیا شەهید بوون، کە لەناویاندا مامۆستایەکی ئایینی بەناوی مامۆستا مەلا ئەحمەد جەلالەددین بوو، کارەساتەکە دڵتەزێنەو هەموومانی نیگەران و خەفەتبار کرد رووداوی لەم جۆرە چاوەڕوان نەکراوە، بۆیە لێرەوە بەتوندی ئیدانەی ئەم کردە نامرۆڤانەیە دەکەین و تکاشمان وایە لایەنی پەیوەندیدار رێکاری پێویست و یاسایی بەرامبەر بکەران بگرێتە بەرو تاوانباران بەسزا بگەیەنێت.


بەو بۆنەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان بە گشتی و کەس و کارو بنەماڵەی مامۆستا مەلا ئەحمەد جەلالەدین بەتایبەتی دەکەین، لە خوای گەورە داواکارین سەبرو ئارامی بە خزم و خانەوادەی شەهیدان بدات و هەر پێنج قوربان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.


انا لله وانا الیه راجعون


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


19ی1ی2023